بەرگریی شارستانی ڕێنماییەک بە ھاووڵاتییان دەدات

 بەرگریی شارستانی ڕێنماییەک بە ھاووڵاتییان دەدات
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ھەولێر، لەبارەی ئاگربەردان لە پووش و پەڵاش، ڕێنمایی بە ھاووڵاتییان دەدات.

عەمید شوان عەبدولقادر٫ بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ھەولێر، ڕاگەیاند: ھاووڵاتییان ئاگر لە پووش و پەڵاش بەردەدەن، دواتر پەیوەندی بە بەرگریی شارستانییەوە دەکەن و داوای یارمەتی دەکەن، ڕۆژانە چەندین جار ئێمە دەچین بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە".

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کەسانەی ئاگر لە پێش باخچە دەکەنەوە و توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە و کە ئاگرەکە لە ماڵ و ئۆتۆمبێل نزیک دەبێتەوە و پەیوەندیيان پێوە دەکەن، بۆ نموونە دوێنێ ھەینی 7/6/2019، لە گەڕەکی بنەسڵاوە بە ھەمان شێوە ئاگریان لە پووش و پەڵاش بەردابوو، ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییەکیش بەوھۆیەوە سووتا.

عەمید شوان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە شارەوانییان گوتووە، دەوروبەری نوێنەرایەتیی و کۆسوڵخانەکان لە پووش و پەڵاش خاوێن بکەن، بۆ ئەوەی ھیچ ڕووداوێک ڕوونەدا ببێتە جێی باس.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ھەولێر ڕێنمایی دەداتە ھاووڵاتییان: "کەس بێ ئاگاداری بەرگریی شارستانی پووش و پەڵاش نەسووتێنێت، لەبەر ئەوەی زیانی زۆرە و سەرەڕای تێکدانی ژینگە، مۆلیدە و ئۆتۆمبێلەکان دەسووتێنێت".







باسنیوز
Top