بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەربەخۆخوازانی سەرخست و قەیرانەكانیش تێپەڕێندران

	 بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەربەخۆخوازانی سەرخست و قەیرانەكانیش تێپەڕێندران
- لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی و ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، بڕیار درا ٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت، كە دواتر گەلی كوردستان بڕیاری دا و بەسەر هەموو كۆسپ و تەگەرە و قەیرانەكانیشدا سەركەوت.

لە ٧ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ـدا، بە ئامادەبوونی زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، بڕیار درا ٢٥ـی ٩ـی هەمان ساڵ وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بكرێت.

ئازادی بۆ سەربەخۆخوازان لە نان گرنگتر بوو

بەكارهێنانی زەبروزەنگ و دەربڕینی ڕق و كینە لە دژی گەلی كوردستان، رەگی لە مێژووی ناوچەكەدا داكوتاوە، كوردستان و پێشكەوتنەكانیشی، هەمیشە بارگرانییەك بوون بۆ نەیاران و شۆڤێنیستان، بۆیەش بەردەوام دژایەتیی گەلی كوردیان كردووە، بەڵام گەلی كورد نەك هەر چۆكی دانەداوە، بگرە بەردەوام ڕووبەڕووی هەموو هێرشەكان بووەتەوە و نەكەوتووە.

ئەگەر گەلی كورد ریفراندۆمیشی نەكردبا، دوژمنان هەر هێرشیان دەكردە سەری، وەك سەرۆك بارزانیش لە بانگەشەی ریفراندۆمدا رایگەیاند: "ئەوەی سەربەخۆیی بوێت، دەبێ چاوەڕێی هەموو جۆرە باجێك بێت".

لە ٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٧ـدا، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام درا و زیاتر لە ٩٢%ـی كوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ دا، چونكە بە لای گەلی كوردەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، كە بە دەنگێكی زوڵاڵ بە جیهانیان گوت: "سەربەخۆییمان دەوێ".
Top