لە سلێمانی دوو کەس بە ڕووداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەست دا

لە سلێمانی دوو کەس بە ڕووداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەست دا
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی تایبەت بە ماتۆرسکیل و ئەو خواردنگانەی لە رێگەی ماتۆرسکیلەوە خواردن دەگەیەننە کریارەکانیان بڵاو کردەوە.

هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا تێیدا ڕایگەیاندووە، "لە ڕابردوودا و چەندینجار هۆشداریمانداوە لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ماتۆڕسوارەکان و سەرنشینی ماتۆڕەکان دەبێتەوە، بەداخەوە لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی جەژندا دوو گەنج بەڕووداوی ماتۆڕ گیانیان لەدەستداوە و دوانی تریش بریندار بوون".

هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "لەکاتێکدا پرسەو هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان ڕادەگەیەنین داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست بەگشتی و بەتایبەتیش باوکان و دایکان دەکەین چاودێری ڕۆڵەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن ئەوجۆرە ماتۆڕانەی لەبەرنەبوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی تۆمارنەکراون و ماتۆڕ سوارەکانیش مۆڵەتی لێخوڕینیان نییە ماتۆڕ بەکار بهێنن، چونکە ئێمە بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوانە لێپرسینەوەو دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکان زیاتر دەکەین با دووچاری زیانی گیانی و ماڵی نەبن".

هەروەها هاتوچۆی سلێمانی ئەو ماتۆڕ سوارانەش ئاگادار دەکاتەوە کە ماتۆڕەکانیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە دووربکەونەوە لە سەرکێشی و بەدەنگی ماتۆڕەکانیان هاووڵاتییان بێزار نەکەن، داواش لە هەموو چێشتخانەو خواردنگەکان دەکەن کە ماتۆڕیان بۆ گەیاندنی خواردن بۆ کڕیارەکانیان هەیە ماتۆڕەکانیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە چونکە لێپرسینەوە لەوانیش دەکرێت.











باسنیوز
Top