پرۆفیسۆرێک: سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنرێت ئەمریکا قەبووڵی دەکات
پرۆفیسۆر ئومیت یازیجیئۆغڵۆ، مامۆستا لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و کەسایەتیی کوردی باکووری کوردستان، ڕای گەیاند، کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیارێکی لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هەیە.
بە گوتەی ناوبراو، بەپێی بڕیارەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا، خەڵکی کوردستان بۆیان هەیە و دەتوانن بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیان بدەن.
هاوکات ڕوونی کردووەتەوە: ”ئەگەر کوردەکانی عێراق سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەربەخۆیی کوردستان قەبووڵ دەکات“.
بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی یەکەمی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، هەروەها ئازادە لە بڕیاردان لەبارەی سەنتەرە سیاسییەکە و ئازادیشە لە ویستی خۆی بۆ بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری. هەروەها لە بڕگەی سێیەمی هەمان ماددەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لەسەر سەرجەم وڵاتانی ئەتراف لە ڕێککەوتننامەکە و تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە بەرپرسیارێتیی ئیداردانی ئەو هەرێمانەیان دەکەوێتە سەر کە حوکمی زاتیشیان نییە یان ئەو هەرێمانەی دەکەونە ژێر راسپاردەی نێودەوڵەتی (الأقاليم المشمولة بالوصاية)، پێویستە، کار بکەن بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و ڕێز لەو مافە بگرن، ئەویش بەپێی حوکمەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.
میللەتی کوردستانی عێراق، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، بڕیاریان لەبارەی چارەنووسی خۆیان داوە و نزیکەی ٩٣٪ی خەڵکی بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە.
باسنيوز
