غه‌فوور مه‌خمووری: چارەسەری پرسی كورد ته‌نها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە

غه‌فوور مه‌خمووری: چارەسەری پرسی كورد ته‌نها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە
غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتیی YNDK، له‌ رۆژانى 1و2ـی ئه‌م مانگه‌ لە شارى ئۆسڵۆى پایتەختى نەرویج بەشدارىی کۆنگرەى گشتیى (پارتى کریستیانى نەرویج) ی كردو لە وتارێکیدا رایگه‌یاندووه‌: "تاکە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە، هه‌روه‌ها داوایکردووه‌ پشتیوان و هاوکارى گەلى کوردستان بن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیى کوردستان".

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان (YNDK) له‌لایه‌ن ئیریک سەلە، سەرۆکى پارتى کریستیانى نەرویجى و ژمارەیەک لە ئەندامانى سەرکردایەتى پارتەکەوە پێشوازیی لێكراوه‌و بەشداریی کۆنگرەى گشتیى پارتى کریستیانى نەرویجی كردووه‌.

سكرتێری گشتیی YNDK لە وتارەکەیدا داواى هاوکاریی و پشتیوانى بۆ پرسى گەلى کوردستان کردووه‌ و گوتوویه‌تی: "كۆنگرەكەتان لەكاتێكدا دەبەسترێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردایە و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئێمەی نەتەوە بندەستەكان و پێویستیمان بە هاوکارى پشتیوانى ئێوە دەبێت، ئێمەى گەلى کوردستان کەوا نیشتمانەکەمان دابەش و داگیرکراوە و زوڵمیکى مێژووییمان لێکراوە، چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخودان داین لە دژى داگیرکەران و لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرمان داوە".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "باوەڕى تەواومان بە پێکەوەژیان و رێزگرتنى نێوان پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەوا دووربکەوینەوە لە رق و دووبەرەکى و کاربکەین بۆ چاندنى تۆوى خۆشەویستى و برایەتى لە نێوان گەلاندا، بێگومان تەنها بە بڵاوکردنەوەى کلتورى خۆشەویستى و برایەتى گەلان دەتوانین وابکەین ئاشتى و ئارامى باڵ بەسەر جیهاندا بکێشێت".

مەخموورى لە وتارەکەیدا جەختى کردەوە سەر سەربەخۆیى کوردستان گوتوویه‌تی: "دەمانەوێت راشکاوانە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنین کەوا چارەسەرى پرسى رەواى گەلى کوردستان فاکتەرى سەرەکییە بۆ هێنانەدى ئاشتى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و تەواوى جیهاندا، بێگومان چارەسەری بنەڕەتى و ریشەیى پرسی گەلى کوردستان لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینینەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین کەوا لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیوانمان بن".

kdp-
Top