سلێمانی.. لەبارەی چكلێت و شیرینیی جەژن هۆشداری دەدرێتە دووكاندار و بازرگانەكان

سلێمانی.. لەبارەی چكلێت و شیرینیی جەژن هۆشداری دەدرێتە دووكاندار و بازرگانەكان
لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی ئەو چكلێت و شیرینییانەی بۆ ڕۆژانی جەژن دەفرۆشرێن، هۆشداری دەداتە دووكاندار و بازرگانەكان و ڕای دەگەیەنێت هەر شوێنێك چكلێت و شیرینیی بێ ڕێکەوت بفرۆشێت ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕايگەیاند: "بەمەبەستی پشكنین بۆ ئەو چكلێت و شیرینییانەی لەلایەن دووكاندار و بازرگانەكانەوە بۆ ڕۆژانی جەژن دەفرۆشرێن، لیژنەكان سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكەن".

گوتیشی: "بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێویستە ئەو كاڵا و شمەكانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن، بە شێوەی لێزەری ڕێکەوتی دروستكردن و بەسەرچوونی بەسەرەوە بێت و نابێت بێ ڕێکەوت یان دوو ڕێکەوتی جیاوازی لەسەر بێت".

ئاماژەی بەوەش دا "هەر شوێنێك چكلێت و شیرینی، یان هەر كاڵا و شمەكێكی‌تری بێ ڕێکەوت یان دوو ڕێکەوت بفرۆشێت، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێت".

جەختیشی كردەوە "لە هەر شوێنێك دەست بەسەر چكلێت و شیرینی، یان خۆراكی ماوەبەسەرچوودا بگیرێت، شوێنەكە دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

نەبی، داوا لە هاووڵاتیان دەكات "لە كاتی كڕینی پێداویستییەكان بۆ ڕۆژانی جەژن، سەرنجی ڕێکەوتی دروستکردن و بەسەرچوونی كاڵا و شمەكەكان بەتایبەت خۆراكەكان بدەن و لە كاتی هەبوونی مادەی ماوە بەسەرچوو لەڕێی ژمارە (07708677777) یان تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاگادار بكەنەوە".










باسنيوز
Top