کارکردن لە بەشی دووەمی رێگای نێوان هەولێر - دهۆک دەستی پێ کرد

کارکردن لە بەشی دووەمی رێگای نێوان هەولێر - دهۆک دەستی پێ کرد
كاركردن لە بەشی دووەمی رێگای ھەولێر - دھۆك لە سنووری پارێزگای ھەولێریش دەستی پێكرد و بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش چەند زانیارییەک لەمبارەیەوە دەخاتە ڕوو.

سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ رێگاوبان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قۆناغێكی دیكەی گرینگی دروستكردنی رێگای سەرەكیی ھەولێر - دھۆك دەستی پێكردووە، پێشتریش بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار لە سنووری دھۆك پڕۆژەكە لە ناحیەی رۆڤیاوە بۆ پردی گۆپاڵە دەستی پێكرد و زۆربەی قۆناغەكانی كۆنكرێتی كۆتاییان ھاتووە".

گوتیشی: "رۆژانی رابردوو لە سنووری ھەولێریش دەست بە پڕۆژەی رێگای ھەولێر - دھۆك كراوە و لە شەقامی 120 مەترییەوە دەست پێدەكات بۆ پردی گۆپاڵە، كە قۆناغێكی دیكەی رێگای سەرەكیی ھەولێر- دھۆكە و بە درێژیی 38 كم جێبەجێ دەكرێت".

بەرپرسەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونیشی كردەوە، کە ھەر لەبارەی پارێزگای دھۆكەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی دیكەی دەركردووە، ئەویش گۆڕینی رێگای ئۆتۆمبێڵی بارھەڵگرە، كە پێشتر لە دھۆك و ئیبراھیم خەلیل دەچوونەوە ناوچەی باشیك و ئینجا بۆ ھەولێر، بەڵام دوای شەڕی داعش رێگاكە گیرابوو، ئێستاش پلانێكی دیكە جێبەجێ دەكرێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كاتژمێرانەی زیاتر ھاووڵاتیان ھاتۆچۆ دەكەن، بارھەڵگر قەدەغە دەكرێت و تەنیا لە شەواندا رێگای هاتوچۆكردنیان پێدەدرێت.










باسنيوز
Top