مامۆستایەکی زانکۆ هۆکاری قسەکانی لاهوور جەنگی لەم کاتە ئاشکرا کرد
د. رزگار عیسا، مامۆستای زانکۆی دھۆک، ڕايگەیاند: "ئەوەی لاھوور جەنگی کردوویەتی، بۆ داپۆشینی ڕێککەوتنی نھێنیی خۆیان و پارێزگاری کەرکووک بوو کە گومانێکی زۆر ھەیە لەسەر سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کەرکووک“.
بە دووریشی نەزانی کە قسەکانی لاهوور جەنگی بۆ ئەوە بێت، خەڵکی بەهۆی باسکردن لە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کێشە ناوخۆییەکانەوە، سەرنجیان لەسەر تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان و سووتاندنی دەغڵودانی کوردان لابچێت.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، خەڵکی کەرکووک ئەو کەسانە دەردەکات کە شارەکەیان ڕادەستی میلیشیاکان کردووە. گوتیشی: ”ئاشکرایە کە چەند ئەندامێکی ئەوان بەبێ ئاگاداری لیستی برایەتیی کەرکووک، ڕێککەوتنێکی نھێنی و ژێربەژێریان لەگەڵ راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک کردووە".
مامۆستاکەی زانکۆی دهۆک پێیوایە کە ئەو شێوازی قسەکردنەی لاهوور جەنگی و ”ئەو ئاستە زمانەوانییەی بەکاری هێنا“، دەریدەخات کە لاهوور جەنگی لە حاڵەتێکی دەروونیی نائاساییدا بووە و لەژێر فشارێکی دەروونیی زۆردا ئەو قسانەی کردووە. دووپاتیشی کردەوە: ”با خەڵکی کەرکووک بزانن، گەرەنتیی مانەوەی ئەو پارێزگارە لەلایەن باڵی خیانەتەوە کراوە، تا ھەڵبژاردنی داھاتوو“.
دوێنێ شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لاهوور جەنگی لە کەرکووکەوە کە لە پاش خیانەتەکەیان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا ئاڵای کوردستانیشی لێ بەرز ناکەنەوە، هەڕەشەی لە هەر کەسێک کرد کە باسی خیانەتەکەی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی بکات.
باسنيوز
