"کێشەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەولێر چارە دەکرێن"

بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کێشەی ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنان چارەسەر کراوە و دەست بە تەواوکردنیان کراوە. دەشڵێ، ئەمساڵ مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان دراوە.



سامان عەرەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خواست لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زۆر زیادی کردووە و چەندین کۆمپانیا و وەبەرھێنەر بۆ پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکان سەردانی ئێمەیان کردووە. ئەمساڵ (٢٠١٩) مۆڵەتمان بە پازدە پڕۆژەی وەرەھێنان داوە، داواکارییش لەسەر پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری و بازرگانیی گشتی زۆر بووە."



بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ڕوونی کردەوە: "ژمارەیەک وەبەرھێنەری بیانی دەیانەوێ لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بەشدار بن، لەوانەش ژمارەیەک کۆمپانیا و وەبەرھێنەری وڵاتانی کەنداو داواکارییان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێشکەش کردووە."



سامان عەرەب دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی وەبەرھێنان دەڵێت: "کێشەی ژمارەیەک پڕۆژە چارەسەر کراوە و ھەندێ پڕۆژەش لە ھەوڵداین بۆ چارەسەرکردنیان، لەوانەش، لە پڕۆژەی فلۆریا ستی دەستبەکار دەکرێتەوە و کێشەکەی چارەسەر کراوە، کە یەکێکە لە گەورەپڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی ھەولێر."

سامان عەرەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە سندووقی نیشتەجێبوون دابمەزرێت و پێداچوونەوە بە مەرجەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا بکرێت، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی چینی کەمدەرامەتدا بێت و یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی ستوونی دروست بکرێت و بە نرخی گونجاو بە ھاووڵاتییان بفرۆشرێت."

kdp-
Top