هۆشیار سیوەیلی: وڵاتانی جیهان بە ئومێدەوە لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی دەڕوانن

 هۆشیار سیوەیلی: وڵاتانی جیهان بە ئومێدەوە لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی دەڕوانن
وڵاتانی ئەورووپی و جیهانی، بە گرینگییەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیش، وڵاتان گەشبینن بەوەی ئاستی پەیوەندییەكان و جموجۆڵی بازرگانیی نێوان هەرێم و وڵاتان بەهێزتر دەبێـت.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: لەو ساتەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە، لەسەر لەئاستی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و وڵاتانی جیهان، پیرۆزباییەكی زۆر بەو بۆنەیەوە ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێم كراون و دڵخۆشن بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە دڵنییان كاك نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتاندا پتەوتر دەكات".

سیوەیلی گوتیشی: "باڵیۆز و كۆنسووڵگەریی وڵاتان لە هەرێم خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە كە كاك نێچیرڤان بارزانی بووەتە سەرۆكی هەرێم و بە ئومێدەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتیی هەرێم، هەروەها گەشبینن كەوا ئاستی پەیوەندییەكان و جموجۆڵی بازرگانیی نێوان هەرێم و وڵاتان بەهێزتر دەبێـت".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئاماژەشی دا: "جێگای داخ بوو یەكێتی كە ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكرد، كە چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵام سەرۆكایەتیی هەرێم كۆكەرەوەی سەرجەم دەنگ و ڕەنگەكان دەبێـت و كاك نێچیرڤانیش ئەوەی خستە روو، كەوا سەرۆكایەتیی هەرێم چەتر و سەكۆی سەرجەم خەڵكی كوردستان دەبێـت".

ناوبراو دەشڵێت: "لە هەوڵداین لە ڕێگای دانوستانی جیددی لەگەڵ یەكێتی، ئەو ناكۆكیانەی هەن، چارەیان بكەین، بەڵام پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت دواناخرێت و بەپێی ڕێكارە یاساییەكان ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێـت".
kdp-
Top