قایمقامی مەخموور: تا ئێستا نزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەوی سووتێندراوە

 قایمقامی مەخموور: تا ئێستا نزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەوی سووتێندراوە
قایمقامی شارۆچكەی مەخموور گوتی، تاوەكو ئێستا لە سنووری شارۆچكەكەدا نزیكەی ٢٠٠دۆنم زەوی سووتێندراوە، بەڵام ئەو ھەڕەشانەی لە كورد دەكران، كەمتر بوونەتەوە بە ھۆی ئەوەی ئێستا ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق رۆژانە كێوماڵی ناوچەكە دەكەن.

رزگار مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە رۆژانی ڕابردوودا چەندین جار ئاگر لە سنووری مەخموور كەوتووەتەوە و ئاگرەكانیش بە ھۆكاری جیاجیا بوونە، كە بەشێكی زۆریان داعش دەستی تێیاندا هەیە و لە ناوچەی دەرەبەشەش لە كاتی ئاگركەوتنەوەدا دوو ھاووڵاتی سووتاون، هەروەها ئەو دەغڵودانەی كە داعشیش سووتاندوویەتی، زیاتر لە بناری چیای قەرەچووغ بووە".

قایمقامی شارۆچكەی مەخموور گوتیشی، تاوەكو ئێستا لە سنووری مەخموور و دیبەگە و قەراج و چەند ناوچەیەكی دیكە، نزیكەی ٢٠٠دۆنم زەویی جووتیاران سووتاوە.

مستەفا گوتیشی، دوای ئەوەی داعش ھەڕەشەی لە گوندنشینانی كورد دەكرد لە سنووری مەخموور، ھێزی ھاوبەش دروست كراوە و رۆژانە سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن، بۆیە لەو كاتەوە ئەو ھەڕەشانەی لە كورد دەكران، كەمتر بوونەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، تاوەكو ئێستا ھێزی عێراقی لەناو سەنتەری شاری مەخموورن و نەچوونەتە دەرەوە، بۆیە بە سەربازگە حیسابە.

kdp-
Top