شارەزایەك: نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری تێكشكاندنی قەیرانەكانە

	 شارەزایەك: نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری تێكشكاندنی قەیرانەكانە
رۆژ سێشەممەی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژارد، شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی توانی قەیرانەكانی سەر ھەرێمی كوردستان تێك بشكێنێ و بۆ قۆناغی داھاتووش ھەمان رۆڵی دەبێت.



تەحسین تەھا، نووسەر و رۆژنامەنووس، لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەرلەمانی كوردستان كەسایەتییەكی شایستەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ھەرێم ھەڵبژارد، ھیوادارم وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە (سەرۆكایەتیی ھەرێم) لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ببێتە ھۆی زیاتر بەھێزبوونی حكوومەتی ھەرێم و یەكڕیزی و یەكگرتوویی گەلی كورد و كوردستانیان و، ھەروەھا وەستانەوە لە بەرامبەر تەحەدییات و ئالینگارییەكانی داھاتووی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی ھەرێم و كاك مەسروور بارزانی وەك كاندیدی سەرۆكایەتیی حكوومەت، بە ھاوكاری و پاڵپشتیی لایەن و ھێزەكانی تری كوردستان، دەتوانن دووانەیەكی شایستە و ئەكتیڤ و چالاك بن بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دەرەكیی وڵات".



رێبین ئازاد، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر تەنیا بڕوانینە ئەو پیرۆزباییانەی لەسەر ئاستی نێوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتی لە نێچیرڤان بارزانی دەكرێن بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئەوا دەبینین كە سەرۆكی تازەی ھەرێمی كوردستان ئەركێكی گرانی لەسەر شانە، ئەو ئەركە گرانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونەی كاك نێچیرڤان بارزانی ھەیەتی لە ماوەی رابردوودا، بە تایبەتی لە چوار پێنج ساڵی رابردوودا، كە قەیران و ئاڵۆزیی زۆر روویان لە ھەرێمی كوردستان كردبوو، بەڵام نێچیرڤان بارزانی توانی ئیدارەیەكی باشی ئەو قەیرانانە بكات".



رێبین روونیشی كردەوە: "نێچیرڤان بارزانی ھەم پشتیوانیی نێودەوڵەتی ھەیە و ھەمیش پشتوانییەكی زۆری نێوخۆیی ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، چونكە ئەزموونێكی دەوڵەمەندیشی ھەیە، لەبیرمانە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر ئابڵووقەیەكی دژواری دیپلۆماسی خرایە سەر ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی ئەوكاتی عێراق و وڵاتانی ھەرێمییەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ئەو سەركردەیە بوو توانی ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و ئەمڕۆ پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵدا ھەیە، بۆیە پێگەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئەو پشتگرییەی ھەیەتی لەلایەن ناوخۆ و سەرۆك بارزانییەوە، دەتوانێ ھەنگاوی زۆر باشتر بنێت بۆ بەرەوپێشبردنی ھەرێمی كوردستان".
kdp-
Top