بڕیارێک لەبارەی مامۆستایانی زانکۆ دەردەچێت

بڕیارێک لەبارەی مامۆستایانی زانکۆ دەردەچێت
بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کاروباری مامۆستایان لە سەرجەم دامودەزگا حکومی و تایبەتەکاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی بۆ مامۆستایانی زانكۆ دەرکرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە ، ڕایگەیاندووە بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٨٢٠٢) کە ئیمزای وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە و بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانی مامۆستایان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان، بە ھیچ شێوەیەک مامۆستایانی زانکۆ و ئەنجوومەن و دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەت بۆیان نیە لە زانکۆکانی دەرەوەی ھەرێم یاخود دەرەوەی عێراق وانە بڵێنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو زانکۆ و ئەنجوومەن و دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتانەی کە پڕۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە وانەگوتنەوەی مامۆستایانی ھەرێمی کوردستانیان ھەیە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی دەرەوەی ھەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بە ھەمان شێوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆیان نیە وانە بڵێنەوە.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە كە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان بەرپرسیارن لە ڕێگەپێدان لە چوونی مامۆستایانیان بۆ وانەگوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی دەرەوەی ھەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بۆیە ھەر مامۆستایەک لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە ناوەڕۆکی فەرمانەکە ئەوا وەزارەت ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرێتەبەر تا دەگاتە دوورخستنەوە لە شوێنی کارەکەی.












باسنیوز
Top