لە عێراق ئافرەتێكی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار كرا

لە عێراق ئافرەتێكی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار كرا
لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار، ئافرەتێكی كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كرا.

بەپێی راگەیەنراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/5/2019 بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، هێزێك لە ئاژانسی هەواڵگیریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، توانیان ئافرەتێكی رفێندراوی ئێزدی لە یەكێك لە مۆڵگەكانی داعش لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار رزگار بكەن.

راگەیاندراوەكە بەبێ ئەوەی ناوی ئافرەتە كوردە ئێزدییە رزگاركراوەكەی هێنابێ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لەو هەڵمەتەی رزگاركردنی ئافرەتە ئێزدییەكە هێزە ئەمنییەكان توانیویانە حەوت تیرۆریستی داعش كە لە هەمان مۆڵگە بوونە، بكوژن.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە مووسڵ، پاشان لە 3ی ئابی 2014 شاری شنگال كەوتە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش و پاشان تیرۆریستان هەزاران كوردی ئێزدییان بە چەندین شێوەی دڕندانە شەهید كرد و دوای رزگاركردنەوەی شنگالیش داعش هەزاران كوردی ئێزدییان بەرەو ناوچەكانی دیكەی عێراق، هەروەها سووریا رفاند كە وەك رێكخراوەكانی تایبەتمەند بە پرسی رفێندراوانی كوردانی ئێزدی ئاماژەی بۆ دەكەن زیاتر لە سێ هەزار كوردی ئێزدی تاوەكوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.










باسنيوز
Top