داقووق.. بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە 10 هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی

داقووق.. بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە 10 هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی
ئاسایشی کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، ڕووداوی ئاگربەردان لە دەغلودانی هاووڵاتییانی کورد لە سنووری کەرکووک ئاسایی نییە و گوماناوییە، و شەوی ڕابردوو لە سنووری داقووق بە هۆی دەسطرێژی چەند چەکداری نەناسراوە چەند هاووڵاتییەک بریندار بوون.

لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لەناو ئاسایشی کەرکووک ڕايگەیاند: "کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو لە گوندی مەنسووریەی "حەفتەغار"ی سەر بە قەزای داقووقی سنووری پارێزگای کەرکووک، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندەکە بەر دراوە، کاتێک گوندنشینەکان هەوڵی کوژراندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، دەکەونە بۆسەی ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە و تەقەیان لێ کراوە، بەو هۆیەشەوە کەسێک بەناوی (هەردی سامان) گیانی لەدەست داوە و هەریەکە لە (فاروق زیاد، مەنسوور محەمەد، حوسێن حسام، شڤان قادر، سەباح نووری، عادل هەیاس، ئەحمەد نووری، هاوکار عوسمان و محەمەد جەبار) بریندار بوون”.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییەی ئاسایشی کەرکووک “کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی هەمان شەو بۆ جاری دووەم ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندەکانی "دارا و تۆپزاوا" لە سنووری حەفتەغار بەر دراوە".

ڕوونیشی کردەوە ڕووداوەکان گوماناوین و ناتوانرێ بگوترێ داعشە، چونکە شتێکی هەست پێکراو نییە.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ شاڵاوی تەعریب، ڕفاندن، سووتاندنی ماڵی کوردەکان و شەهیدکردنیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کەرکووک و خورماتوو و خانەقین بە چڕی دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانای پاراستنی ئەو ناوچانە و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشیان نییە.











باسنيوز
Top