هۆشیار زێباری: یەکێتیش بەشداری نەکات پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت ڕاناوەستێنین
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر سوور بێت لەسەر بەشدارینەکردن لە پرۆسەکە، ئەوا پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت ڕاناوەستێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەرسوڕمانی خۆی لە بەشدارینەکردنی یەکێتی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەربڕی و ڕای گەیاند، ”سەرمان سوڕما کە لە کۆتا ساتدا بڕیارێکی سیاسی ھەبوو لەناو باڵەکانی یەکێتی کە بەشداری نەکەن، ئەمە ئاماژەیەکی باش نەبوو بەڕاستی". هاوکات بڕیارەکەی بە “نامەدروس“ وەسف کرد و هیوای خواست کە بە هاوکاریی هەموو لایەک، ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە.
زێباری لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) نەیشاردووەتەوە کەبەشداری نەکردنی یەکێتی لە دانیشتنی متمانەدان بەسەرۆکی ھەرێم بۆ "کێشەی باڵەکانی ناو یەکێتی" دەگەڕێتەوە نەک بۆ بابەتی دانانی پارێزگاری کەرکووک. هەروەک گوتوویەتی: ”دیارە ھێشتا کێشە لەنێوان باڵەکانی یەکێتی ھەیە، دەیانەوێت لەڕێگای دەست بەسەردا گرتنی ئەم پڕۆسەیە وەک ڕەھینەیەک بۆ بەرژەوەندیی ئەم باڵە و ئەو باڵە، ئەمەش نە بەرژەوەندیی یەکێتی و نە ھی خەڵکی کوردستان و نە ھی ھیچ لایەکی تێدا نییە". باسیشی لەوە کردووە کە کێشەی کەرکووک تەنیا لە دەست پارتی و یەکێتیدا نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە عەرەب و تورکمان و حکوومەتی عێراقیشەوە هەیە، بۆیە “بابەتەکە پەیوەندی بە باڵەکانی یەکێتییەوە هەیە“.
لە کۆتاییدا هۆشیار زێباری بە ڕاشکاوی ڕای گەیاندووە: ”زۆر ئاراممان گرت، زیاتر لە شەش مانگ، تەنھا لەبەر ئەوەی ھەموو لایەنەکان بەشداریی لە حکوومەتدا بکەن، بەڵام ئەگەر یەکێتی ھەر سوربوو لەسەر بەشداری نەکردن، ئەوا پرۆسەکە ڕاناوەستێت و بەردەوام دەبێت، با ئەو لایەنانەی ئامادەن بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”دانراوە تا پێش کۆتایی مانگی شەش حکوومەت پێکبھێنرێت".
باسنيوز
