مەرجەعێکی شیعە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکات
جەواد خاڵسی لە راگەیێندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، رایگەیاند "ئەگەر نەوت بدرێتە کورد هی ئێمەیە و ئەگەر بێت بۆ ئێمەش ئەوا هی ئەوانە، چونکە ئێمە یەک گەلین، دەبێ لەم بابەتە تێبگەین و هەستی پێبکەین. دەبێ بە یەک تێڕوانین بۆ هەموو رۆڵەکانی نیشتمانەکەمان کاری لەسەر بکەین و جیاکاریی لەنێوان هاووڵاتییەک و ئەوەی دیکە نەکەین".
بەگوتەی خاڵسی "عێراق تەنانەت لە پێش ساڵی 2003ـەشەوە سەربەخۆ نەبووە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە جەنگی ناوچەیی تێوەگلا.. بۆیە ئێمە لەژێر داگیرکاریدا بووین و هێشتا داگیرکراوین و دەبێ بەڕاستی دان بەم بابەتەدا بنێین".
جەواد خاڵسی جەختدەکاتەوە "بڕیاری عێراق هێشتا ملکەچی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی بەریتانیا و هاوشێوەکانیانە لەو باڵیۆزخانانەی کە لە هەموو لایەکەوە عێراقیان کۆنترۆڵکردووە. هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەوە، چونکە هەڵبژاردنەکان لە هەموو قۆناخەکانیاندا لەڕاستیدا ئازادنەبوون، بەڵکو ئەوەی کە سندووقەکانی دەنگدانی کۆنترۆڵ کردبوو، دەستکاری دەکرد".
مەرجەعە شیعەکەی عێراق روونیکردەوە "عێراق سەربەخۆ نییە، بەڵگە ئەوەیە کە ئەوان گوتیان دەبێ گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان سەرۆکوەزیران دەستنیشانبکات، کەچی لەناکاو کۆتایی بە هەموو پرسەکانی گەورەترین فراکسیۆن و هاوپەیمانییەکان هێندرا و سەرۆکوەزیرانێک هێندرا کە لە بنەڕەتدا لە هەڵبژاردنەکان بەشدارنەبوو، تەنانەت بەبێ ئاگاداری ئەوانەی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربوون".
جەواد خاڵسی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەمە هەلێکی گەورەی زێڕینە کە بەردەستە لە سایەی ئەو قەیرانەی لە دەرەوە سەریهەڵداوە بۆ جووڵەکردن و بەدەستهێنانەوەی بڕیاری سەروەری عێراق. عێراقییەکان قۆناخی خۆخۆرییان تێپەڕاند و ئێستا هەلی لێکتێگەیشتن باشترە".
رووداو
