كریستیانەكان لەبارەی سووتانی دەغڵودانی دەشتی نەینەواوە ھۆشداری دەدەنە بەغدا
رۆبینا تیاری، پەرلەمانتاری كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەشێكی زۆری كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا بە ھۆی بژێویی ژیانیان گەڕاونەتەوە شوێنەكانیان و ئەمساڵ زەوییەكانیان چاندووە بە گەنم، بەڵام لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەی سووتاندنی گەنمی جووتیاراندا، مەترسیەكی گەورە لەسەر دەغڵودانی كریستیانەكانی دەشتی نەینەواش دروست بووە".
پەرلەمانتارەكەی كریستیان دەڵێت: "ھەندێ حاڵەت ھەبووە لە سووتاندنی گەنمی جووتیارانی كریستیان، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی وەك ناوچەكانی دیكەی خانەقین و كەركووك و مەخموور بەربڵاو بێت".
تیاری، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كریستیانەكان لە رێگەی نوێنەرانەكانیانەوە ھۆشدارییان داوەتە حكوومەتی عێراق لە مەترسیی سووتاندنی بەرھەمی ئەمساڵیان، چونكە حكوومەتی بەغدا بەرپرسە لە بەرامبەر ئەو رووداوانە و پێویستە بەرگری لە ھاووڵاتیان بكات، بە تایبەتی ھێزی میلیشیات لە دەشتی نەینەوا ھەن و كریستیانەكان ترسیان ھەیە ھاوشێوەی ناوچەكانی دیكەیان بەسەر بێنن".
KDP-
