وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێ پێش کابینەی نوێ دوو سەرۆک زانکۆ بە ڕێکاری گوماناوی دابنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێ پێش کابینەی نوێ دوو سەرۆک زانکۆ بە ڕێکاری گوماناوی دابنێت
مامۆستایەکی زانکۆ ئاشکرای کرد کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دەدات پێش دەست بەکار بوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دوو زانکۆ بە ڕێگەی گوماناوی دابنێت و وەزارەتەکەش رەتی دەکاتەوە.

مامۆستایەکی زانکۆ لە سکاڵانامەیەکدا ، ئاماژەی بەوە داوە کە لە بەرواری ٢٣ی نیسانی ٢٠١٩دا، لە نووسینگەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەدا کراوە کە زانیاریی کەسیی خۆیان بۆ بوون بە سەرۆکی زانکۆکانی (هەڵەبجە و گەرمیان) پێشکەش کردووە، بەڵام ئەو لێژنەیەی چاوپێکەوتنەکەی ئەنجام داوە، جگە لە وەزیر، دوو بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارێکی تێدا بووە، لە کاتێکدا پلەی سەرۆکی زانکۆ (بریکاری وەزیر)ە و پۆستەکەی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەرزترە.

مامۆستاکەی زانکۆ ئاشکرای کرد کە هەرچەندە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ خوازیارانی پۆستی سەرۆکی زانکۆکان ئەو کەسانە دانراون، بەڵام بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ یان ڕاگری کۆلێژەکان، ئەندامانی لێژنەکە سەرۆکی زانکۆکان بوون کە پلەیان (بریکاری وەزیر)ە و پلەیان لە لێژنەکەی دووەم بەرزترە. بۆیە پرسیاری ئەوەی کرد کە ئاخۆ چۆن دەبێت لێژنەی چاوپێکەوتنی سەرۆک زانکۆکان، پلەکەی لە پلەی ئەو لێژنەیە کەمتر بێت کە چاوپێکەوتنی بۆ یاریدەدەری سەرۆک زانکۆکان کردووە؟ ئەمەشی بە جێگەی گومان لەقەڵەم دا.

هەروەها مامۆستاکەی زانکۆ نەیشاردەوە کە تەنانەت پێش چاوپێکەوتنەکەش، باسی چەند کەسێک کراوە بۆ دانانیان لە پۆستی زانکۆکانی (هەڵەبجە و گەرمیان)، هەروەها باسی ئەوە کراوە کە ئەو کەسانە پێشتر لەلایەن یەکێتییەوە بۆ پۆستەکە یەکلایی کراونەتەوە، کەواتە ”چاوپێکەوتنەکە کارێکی ڕووکەش بووە و هیچیتر، ناوی ئەو کەسانەشم لەلایە کە لە پێش و پاش چاوپێکەوتن و ئێستاش باسی دانانیان دەکرێت“.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوای کردووە، پڕکردنەوەی پۆستەکان تا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت، تاوەکوو سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە کابینەی نوێدا دەگیرێنە بەر.

لە بەرامبەردا عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و ڕەتی دەکەینەوە، لەبەر ئەوەی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆ چاوپێکەوتنی بۆ دەکرێت و سێ کاندید دەستنیشان دەکرێت، ئەو ناوانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیرانیش خۆی یەکێکیان ھەڵدەبژێرێت“.

هاوکات ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لەبارەی دەستینشانکردنی کەسەکانەوە ئێمە وەک وەزارەت دەقی یاساکان وەک خۆی جێبەجێ دەکەین، بە پێی ئەو یاسایەی وەزارەتی خوێدنی باڵا پێشنیازکردنی سەرۆکی زانکۆ لە دەسەڵاتی وەزیری خوێندنی باڵادایە، بەڵام وەزیر دەسەڵاتی ھەیە لێژنە بۆ شێوازی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن پێکبھێنیت، ئەمەش وەک عورفی لێ ھاتووە“.











باسنیوز
Top