وەزارەتى پەروەردە: تێچووى چاپى پەرتووکمان لە ٥٠ ملیۆنەوە بۆ ٧ ملیۆن دۆلار کەم کردووەتەوە

وەزارەتى پەروەردە: تێچووى چاپى پەرتووکمان لە ٥٠ ملیۆنەوە بۆ ٧ ملیۆن دۆلار کەم کردووەتەوە
وەزارەتى پەروەردە بە ١٨٠ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا، گەورەترین وەزرارەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە کە سەرەڕاى قەیرانى دارایی لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا، ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارى پێشکەش بە نزیکەى ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار دەکات و بە هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆرەوە پڕۆسەى پەروەردە لەم قەیرانە نەخوازراوەدا درێژەى هەبوو و منداڵانى کورد بێبەش نەبوون لە خوێندن.


حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ مووچەى ساڵانە، گەورەترین بوودجەى تەرخان کردووە، بەڵام بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان لەم چەند ساڵانەى ڕابردوو نەتوانراوە پڕۆژە گەورەکان جێبەجێ بکرێن و ئەمەیش لە لایەن وەزارەتى پەروەردەوە وەک گرفت هەژمار دەکرێت. هەرچەندە لەم ماوەیەدا و بە هەوڵى شەخسى و بە ڕاگەیاندنى "هەڵمەتى نۆژەنکردنەوەو دروستکردنى قوتابخانە"کان، بە هاوکارى خەڵکى خێرخواز و ڕێکخراوەى بیانى و ناوخۆییەکان ژمارەیەک قوتابخانە دروست کران و زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانەش نۆژەن کرانەوە، بەشێک لەم بارقورسییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتى پەروەردە هیچ داهاتێکى نییە، بە پێچەوانەى وەزارەتەکانى دیکەوە کە داهاتى خۆیان هەیە و دەتوانن لە پڕۆژەکانى خۆیاندا بەکارى بهێننەوە.


وەزارەتى پەروەردە ساڵانە ١١٠٠ ناوونیشانى کتێبی خوێندن بە زمانەکانى کوردى و ئینگلیزى و عەرەبی و سریانى و تورکمانى چاپ دەکات کە بە کۆى گشتى دەکاتە ١٢ تا ١٥ ملیۆن کتێب. ئەمە ئەرکێکى گەورەیە لەسەر شانى وەزارەتى پەروەردە جگە لە ئەپدەیتکردنەوەى ناوەرۆکى زمانەوانى و زانستی کتێبەکان کە بەردەوام پێویستیان بە ئەمڕۆییکردن و نوێکردنەوە و زیادکردنى زانستەکەیان هەیە. بەداخەوە ساڵان بە هۆى دەستبەسەرداگرتنى چەند کۆمپانیا و لایەنکێک بۆ چاپکردنى پەرتووکەکانى وەزارەتى پەروەردە، قورسایی و تێچوویەکى زەبەلاحى ٥٠ ملیۆنى دەکەوتە سەر شانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام لە کابینەى هەشتەمدا توانرا تێچووى کتێب لە ٥٠ ملیۆن دۆلارەوە بگەیێنرێتە ٧ تا ١٠ ملیۆن دۆلار بە هەمان ڕێژە کتێب و بە کواڵیتى باشتر و پێش لە کاتى دابەشکردنیشیان بگەیێنرێتە هەرێمى کوردستان.


هەر لەم کابینەیەدا و بە پاڵپشتى بەڕێز سەرۆکوەزیران و لە چوارچێوەى ڕێکارى یاسایی و بە سیستەمى هاوکارى نێوان کەرتى تایبەت و حکومەتى هەرێم (PP)، لە نزیکترین کاتدا گەورەترین و مۆدێڕنترین چاپخانە لە کوردستان بنیات دەنرێت بۆ ئەوەى چیتر سەروەتى هەرێمەکەمان بۆ چاپى کتێبى قوتابی و خوێندکاران نەبرێتە دەرەوەى وڵات و ئەم سەرمایە گەورەیە لە نێو خۆی هەرێم بخرێتە گەڕ کە بەرژەوەندى نیشتمانى و لە هەمان کایشدا دابینکردنى هەزاران هەلى کارە بۆ ڕۆڵەکانى ئەم گەلە.


تەنیا پارەیەکى گەورە کە بۆ پەروەردە دابین کرابێت، هەر ئەو ٧ تا ١٠ ملیۆن دۆلارەیە کە ساڵانە بۆ تێچووى چاپى کتێب دابین دەکرێت کە ئەویش بە ڕێکارى یاسایی و شەفافانە کارى تەندەرینگى بۆ ئەنجام دەدرێت و هەمیشەش دووبارەمان کردووەتەوە کە ئەگەر دادگا یا دەزگایەکى یاسایی (نەک لەسەر بنەماى کەسى و میزاج) لە کوردستان هەبێت، ئێمە ئامادەى ئەوەین کە وەڵامگۆى چاپى کتێب بین لەم پێنج ساڵەى ڕابردوو و هەر کەموکۆڕییەکیش بدۆزرێتەوە ملکەچى یاساى هەرێمەکەمان دەبین.


هەر بۆ ئاگاداربوونى هەموو لایەک و بۆ شەفافسازى زیاتر لێرەدا شێوازى تەندەرکردنى چاپى کتێبی ئەمساڵمان دەخەینە ڕوو:


یەکەم: سەرەتا ڕەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیران بەدەست هێنرا بۆ تەندەرکردنى چاپى کتێبى ئەمساڵى خوێندنى (٢٠١٩ ـ ٢٠٢٠) و دواتر هەنگاو بە هەنگاو ڕێکارى یاسایی گیرایە بەر لە بانگهێشتکردنى خاوەن چاپخانەکان و ئەو کەس و لایەنانەى کە تواناى پێشکەشکردنى تەندەریان هەیە بۆ چاپى کتێبى ئەمساڵ بەو مەرجانەى کە دیارى کرابوون. هەر بۆیە وەزارەتى پەروەردە لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنەوە ئاگادارى تەندەرەکەى لە دوو ڕۆژنامە بڕواپێکراوى هەرێم و لە پەیج و ماڵپەڕى فەرمى وەزارەتى پەروەردە بڵاو کردەوە، هەرچەندە هەڵەیەک لە ئاگادارى نێو ڕۆژنامەکان ڕووى دابوو، بەڵام بە پۆزشهێنانەوە ڕاستکرایەوە، هەرچەندە ڕاستکردنەوەکە هیچ کاریگەرى لەسەر ئاگادارکردنەوەى چاپخانەکان و لایەنەکان بە گشتى نەبوو، چونکە هەروەک ئاماژەمان پێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕى وەزارەت و میدا و دەزگا ڕاگەیاندکارەکان بە گشتى و لەسەر بنەماى لێدوان و وێنە بڵاوکراوەکانى وەزارەت، هەموو لایەک لێى ئاگادار بوون و زۆرینەى چاپخانەکانیش پەیوندییان پێوە کراوە تا هەموویان بەشدار بن.


دووەم: دواتر بە شێوەیەکى نهێنى و بە ئامادەبوونى نوێنەرانى لایەنە بەشداربووەکانى تەندەرینگەکە، ڕێکارەکان ئەنجام دران.


سێیەم: وەزارەتى پەروەردە لەبەر دادپەروەرى زیاتر کە چەند ساڵێک بوو تەندەرەکە بۆ لایەنکێکى دیاریکراو دەردەچوو، لیژنەیەکى پێک هێنا بۆ ئەوەى هەم گومان لە دەرچوونى تەندر بۆ تاقە لایەنێک لە چەند ساڵى یەک لە دواى یەک بڕەوێنرێتەوە و هەم کاریش لەسەر کەمبوونەوەى زیاترى تێچووى چاپى کتێبەکە بکرێت. بۆیە لە چوارچێوەى یاسا و ڕێکارەکاندا تەندەر بۆ جارى دووەم ڕاگەیێندرایەوە و ئەم جارەیان لەبرى ئەوەى بۆ یەک لایەن دەربچێت، بۆ سێ کۆمپانیا دەرچوو کە ئەمەش زیاتر دادپەروەرانە بوو و فەرقى تێچووى پارەکەش لە نێوان تەندەرى یەکەم بۆ دووەم زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دینارە کە ئەمە هۆکارێکە بۆ پاڵپشتیکردنى بودجەى حکومەتى هەرێم.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە







باسنيوز
Top