پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانی یەوە

 پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانی یەوە
وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز، کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتییی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا.

کوردستانیانی خۆشەویست
ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگه‌، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک. بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان
kdp-
Top