دلاوەر ئاژگەیی: لە پەرلەمانی ئەورووپا گرووپێکی بەهێز بۆ پشتگیریی کوردستان پێک دەهێنین

دلاوەر ئاژگەیی: لە پەرلەمانی ئەورووپا گرووپێکی بەهێز بۆ پشتگیریی کوردستان پێک دەهێنین
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕای دەگەیەنێت، هەوڵی دروستکردنی گرووپێکی بەهێز لە پەرلەمانتارانی ئەورووپا دەدەین، ئەوەش بۆ پشتگیرییە لە کوردستان.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕايگەیاند: "لە دوو مانگی پێشوو چاوەڕێی تەواوبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن بووین، لەبەر ئەوەی پەرلەمانی ئەورووپا پەیوەندیی بە ئیش و کارەکان و پلانی ئێمە لە دواڕۆژدا هەیە، ئێستاش تا ڕادەیەک بابەتەکە یەکلا بووەتەوە و لە کاتی دەستبەکاربوونی پەرلەماندا، یەکەم هەنگاومان ئەوەیە، پەیوەندی بە هەموو پەرلەمانتارەکانەوە دەکەین، بەتایبەت ئەوانەی زانیارییان لەبارەی کوردەوە نییە".

ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش دا: "هاوشێوەی خولی پێشووی پەرلەمانی ئەورووپا کە لۆبیمان هەبوو، هەوڵ دەدەین گرووپێکی بەهێزتر لە پەرلەمانتارانی ئەورووپا بۆ پشتگیری لە کوردستان پێک بهێنین، واتە هەوڵ دەدەین لۆبی دروست بکەین، لە ماوەی ڕابردووشدا بۆ ئەوە ئەزموونی باشمان پەیدا کرد".

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕوونیشی کردەوە: "شەڕی داعش پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی بەهێزتر کرد، بۆیە ئەمجارە درگاکان بەڕووی ئێمەدا ئاسانتر دەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە شوێن پێمان قایمە و دەتوانین فراوانتر و گەورەتریشی بکەین".

گوتیشی: "هەنگاوی سەرەتا دەتوانن پەیوەندی لە نێوان پەرلەمانی خۆمان و پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا دروست بکەین".










باسنيوز
Top