مەسرور بارزانی پێش وادەی یاسایی حکوومەت پێک دەهێنێت
لە چەند رۆژی رابردوودا دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانی كوردستان، وادهی دانیشتنی تایبهت به ههڵبژاردنی سهرۆكی داهاتووی ههرێمی کوردستانی بۆ ئەمڕۆ سێشەمە، 28-5-2019 راگەیاند، هاوکات له بانگهێشتنامهیهكیشدا داوای له پهرلهمانتارانی کوردستان کرد، لەو رۆژەدا ئاماده بن بۆ كۆبوونهوهی پهرلهمان کە تایبەت دەبێ بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانیی بۆ کاندید کراوە.
بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکانی پەرلەمانی کوردستان پێنج كهس خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووه و بەهۆی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، چاوەڕوانکراوە کە نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت.
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، له كۆبوونهوهكهی ئەمڕۆ سێشهمەدا، كاندیدەکەی پارتی بۆ سوێندخواردن لە پەرلەمانی کوردستان ئاماده نابێت، بهڵكوو له رێوڕەسمێكدا، راستەوخۆ دوای جەژنی رەمەزان، نێچیرڤان بارزانی وهكوو سهرۆكی ههرێمی کوردستان سوێندی یاسایی دهخوات و دواتریش مەسرور بارزانی راوێژکاری ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رادەسپێردرێت کە بەپێی یاسا ماوەی 30 رۆژی لە بەردەستدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، واش چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر لەو وادەیەدا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رابگەیەنێت.
لەم بارەوە، ھۆشیار سیوەیلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس)ی راگەیاند: ”پێش وادەی دیاریکراو، بەڕێز مەسرور بارزانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە ھیچ تەگەرەیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتدا نییە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، خەریکی ئامادەکاریی حکوومەتە و بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەشی لە حکوومەت پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن ئەوە زۆر بەزوویی یەکلا دەکرێنەوە”.
لای خۆیەوە، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، دوای ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، راستەوخۆ دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت کاندیدی براوەی یەکەم بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وادەی پێکهێنانی حکوومەت زۆر تێ پەڕیوە و ئەگەری هەیە لەو دۆخەدا راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاندیدی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش رابسپێردرێت بۆ دەستنیشانکردنی پۆستە وەزارییەکان و هەیکەلی حکوومەتەکەی کە ئەوانیش دوای راسپاردن، لە رووی یاساییەوە 30 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ“.
چاودێرانیش پێیان وایە، چوار ساڵی داهاتوو حکوومەتێکی بەهێز و ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز دەبێت.
پێوەند بەم پرسە، سیاسەتوان دیندار نەجمان دۆسکی، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، کەسایەتیی سەرۆکی حکوومەتی نوێ کە (مەسرور بارزانی)یە کەسایەتییەکی بەجورئەت و خاوەن بڕیارە و پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەیە، لەبەر ئەوە چاوەڕوانکراوە لە چوار ساڵی داهاتوودا کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەدای حکوومەتەکەی هەبێت.
هەروەها گوتیشی: ”مەسرور بارزانی، پارێزەری تەناهی و ئەمنی قەومیی کوردستان بووە و دەشتوانێ حکوومەتێکی بەهێز و کاریگەر بەڕێوە بەرێت”.
باسنیوز
