د. بەشیر: كێشەى ناوچە كوردستانیەكان زوو كۆنترۆڵ نەكرێ كێشەی گەورەتری لێ دەكەوێتەوە
لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. بەشیر حەداد رایگەیاند، پێویستە حكوومەتی عێراق بە زوویی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات و ئاگاداری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك بكاتەوە، كە ئەو ئیجرائەتە نایاساییانەی دەیكات بەرامبەر بەو خەڵكە كوردنشینەی لەو ناوچانەدا هەیە و هێنانی عەرەبی هاوردە رابگرێت، ئەمانەی كە دەكرێت كاری نایاسایین و دیمۆگرافیای ناوچەكە تێك دەدات.
حەداد راشیدەگەیەنێ، كە ئەو بارودۆخەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق باس كردووە، "بەڕێزیانمان ئاگادار كردووەتەوە، كە حاڵەتێكی نەخوازراو هەیە، ئەم حاڵەتەش ئەگەر زوو كۆنترۆڵ نەكرێ، ئەوا كێشەی گەورەتر و خراپتری بۆ كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان هەروەها بۆ عێراقیش لێ دەكەوێتەوە".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشی وایە، كە پێویستە ئەو ناوچانە بە هێزێكی هاوبەشی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و هێزی پێشمەرگە بپارێزرێن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، ئەوا سەقامگیری و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، چونكە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە تاكە رێگای چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانە.
kdp-
