مافی مرۆڤ: تاوانەکانی دژی کوردانی ناوچە کوردستانییەکان بە تیرۆر ھەژمار دەکرێن
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم ڕوو دەدات پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ و پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەییی عێراقە، بە بڕوای ئێمە سووتاندنی بەرھەمی جووتیاران و زۆڵم و ستەمی سەر کوردانی ئەو ناوچانە بە تیرۆر ھەژمار دەکرێت، چونکە تاوانێکی دژەمرۆڤایەتی دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "لە دووای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەموو جۆرە تاوان و پێشێلکارییەکی دژی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە، لەبەر ئەوەی ھیچ نەماوە بەرامبەریان نەکرێت، لە کوشتن و ڕفاندن و سووتاندنی ماڵ و مڵک و ئاوارەبوونیان، داوا لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق دەکەین بێدەنگ نەبێت بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت."
تاڤگە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھەرچی زووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دیاری بکرێت و ھەموو ئەوانەیشی دەستیان لەو تاوانانەدا ھەیە، وەک تۆمەتبار ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، چونکە ئەوەی دەکرێت، ھەمووی تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و پێویستە بکەرانی ئەو تاوانانە بە سزای یاساییی خۆیان بگەن."
kdp-
