لەبارەی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ یەکێتی خۆی یەکلایی دەکاتەوە

لەبارەی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ یەکێتی خۆی یەکلایی دەکاتەوە
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩، لەبارەی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆیان یەکلا دەکەنەوە.



ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە، ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدرێت.



ئەوەشی نەشاردەوە کە زۆرینەی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ ئەوەدان بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن و دەنگ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەن. گوتیشی: ”بە دڵنیاییەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیار دەدات، دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەین“.



پێشتر زکری زێباری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، لەبارەی دەنگدان بە کاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە ڕێککەوتنیشی لەسەر کراوە، ئەوان تائێستا یەکلا نەبوونەتەوە و نازانن دەنگی پێ دەدەن یان نا.



باسیشی لەوە کرد: ”هێشتا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی بەغدا و پارێزگاری کەرکووک یەکلایی نەبووەتەوە و یەکێتی دڵنیا نییە، بۆیە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە، بۆ دڵیابوونەوە لەسەر ئەو دوو پۆستە“.

لەلایەن خۆیەوە سەفین ئاغا عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: “سبەی کاتژمێر ١١ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە دانیشتنەکەدا دەنگ بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەدرێت کە بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کراوە، نێچیرڤان بارزانی ٨٩ بۆ ٩٠ دەنگی پەرلەمان دەھێنێت”. ئەوەشی ڕوونیکردەوە کە دانیشتنەکە بەبێ ئامادەبوونی کاندیدەکان دەکرێت و “مەراسیمی دەست بەکاربوونەکەش دەکەوێتە دوای پشووەکانی جەژنی رەمەزان”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی کاتژمێر ١١ی سبەی سێشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠١٩ی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە.











باسنیوز
Top