وادەی راسپاردنی مەسروور بارزانی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ئاشکرا دەکرى
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە (باسنیوز) لە سەرچاوەیەکی پەرلەمانییەوە دەستی کەوتووە، پاش ئەوەی لە دانیشتنی سبەی سێشەممە ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستاندا نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا، سوێندی یاسایی دەخوات و دواتریش بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکوومی و نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان، وتاری دەست بەکار بوون پێشکەش دەکات.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ڕۆژی ١١ی ٦ی ٢٠١٩، فراکسیۆنی پارتی مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ناوزەد دەکات و پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەسپێرێت تاوەکوو کابینەکەی لە ماوەی مانگێکدا پێک بهێنێت.
پێشتر عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کردبوو کە مەسروور بارزانی خواستی ئەوەی هەیە، لە زووترین کاتدا کابینەکەی پێک بهێنێت، بۆیە پێشتر لەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاریکراوە، کابینەکەی پێک دەهێنێت.
باسنیوز
