پارێزگاری ھەولێر لەبارەی ھێنانی 100 پاسەکەی دۆسڵدۆرف زانیاری دەخاتە ڕوو
نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند: ”شاندێکی ھونەریی پارێزگای ھەولێر کە لە بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن و چەند ئەندازیارێکی پارێزگا پێک ھاتوون، لە دۆسڵدۆرفن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتیی ھێنانی ئەو 100 پاسەی کە لەلایەن پارێزگاری دۆسڵدۆرفەوە بۆ ھەولێر پێشنیار کرابوو، لە ساڵی 2018وە سەرقاڵی ئەم بابەتەین و ھێشتا پاسەکان نەھێنراون، بەڵام وەک قۆناغی یەکەم 15 پاس دەھێنرێن و ئامادەکاری بۆ ئەوە کراوە“.
گوتیشی: ”بابەتەکە کاتی پێویستە، چونکە دەبێت ھێڵ بە ھێڵ بیگوازینەوە، دەبێت بۆ ئەو بابەتە کۆمپانیایەک دابمەزرێنێت و ئەو کۆستەر و پاسانەی لەو ھێڵەدان، بەشدار بن، نامانەوێ ئەو خەڵکەی لەو ھێڵانە کار دەکەن، زەرەرمەند ببن، بەڵکوو دەمانەوێ ھەم گۆڕانکاری بکرێ و ھەم خەڵکەکەش بەشدار بن“.
نەوزاد ھادی ڕوونیشی کردەوە: "ھەولێر بەسەر کۆمەڵێک ھێڵ دابەش کراوە، ھێشتا بڕیار نەدراوە کە کام ھێڵ لە ھێڵەکانی 60 مەتری، یان 100 مەتری، یان ئیسکان، یان شەقامی کەرکووک ھەڵدەبژێرین، بەڵام دوای ھاتنەوەی شاندەکەی پارێزگای ھەولێر دانیشتنێک لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت، تا بزانین دوا ڕوونکردنەوە چییە، ھەروەھا لەگەڵ سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن و شۆفێرەکان قسە دەکرێت".
باسنیوز
