له‌ ترسی سووتاندن جووتیارانی كورد له‌ كه‌ركووك زووتر به‌روبوومه‌كانیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌

 له‌ ترسی سووتاندن جووتیارانی كورد له‌ كه‌ركووك زووتر به‌روبوومه‌كانیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌

بارانی بەخووڕی ئەمساڵ دڵی جووتیارانی خۆشکرد و وایکرد بەرھەمەکانیان جیاواز لەساڵانی ڕابردوو بە پیت و بەرەکەت بێت، بەڵام بۆ جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، داگیرکاری عەرەبە ھاوردەکان لە لایەك و سووتاندنی بەرھەمی ماندووبوونی ئەمساڵیان لە لایەکی دیکەوە، پێشبینییه‌كانیانی ئاوه‌ژووكرد.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، لەماوەی ھەفتەیەکدا لەسنووری پارێزگای کەرکووك، ڕووبەری ھەزار و ھەشتا دۆنم زەوی سووتێنراون.

برایم محیەدین، كه‌ جووتیارێكی كورده‌ و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر حاڵێك بێت به‌ زووترین كات ده‌غڵ و دانه‌كه‌ی كۆ بكاته‌وه‌ و ده‌شڵێت: ئێمه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین، له‌لایه‌ك كێشه‌ی ئه‌منی به‌هۆی نزیكیان له‌ سنووری ئه‌و ناوچانه‌ی داعش لێی چالاكه‌ و له‌لایه‌كیش هه‌ڕه‌شه‌كانی سووتاندنی زه‌وییه‌كانمان ئێمه‌یان نیگه‌ران كردووه‌.

داواش ده‌كات، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشییان پارێزراو بێت و چیتر چاوه‌ڕێی سووتاندنی زه‌وییه‌كانیان نه‌كه‌ن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، زوھەیر عەلی حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتووكاڵی كه‌ركووك ده‌ڵێت: تا ئێستا نزیكه‌ی 1080 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی سووتێنراوه‌، تیرۆریستان تاكتیكی نوێ له‌ سووتاندنی زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كاندا به‌كار ده‌هێنن.

هه‌روه‌ها نایشارێته‌وه‌، كه‌ گه‌یشتنی تیرۆریستان به‌و ناوچانه‌ شتێكی ئاسانه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، له‌لایه‌ك ناوچه‌كه‌ زۆر فراوانه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ژماره‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیاینه‌ی بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئه‌ركدان زۆر كه‌مه‌ و ناتوانن كۆنترۆڵی ئه‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ بكه‌ن.

لە سنووری پارێزگای کەرکووك، بە ھەزاران ھێزی ئەمنی جۆراوجۆر بڵاوەیان پێکراوە، بەشێك لەو ھێزانەش بارەگاکانیان لە نێو زەوییە کشتووکاڵیەکانی جووتیارانی کورد داناوه‌، بەڵام نەیانتوانیوە گیان و بەرھەمەکانیان بپارێزن.
k24-
Top