لە ڕانیە دەست بەسەر چەندین ئاژەڵی بەرەڵاکراودا دەگیرێت

لە ڕانیە دەست بەسەر چەندین ئاژەڵی بەرەڵاکراودا دەگیرێت
لەناو ناوەندی شاری ڕانیە، شارەوانیی سنوورەکە دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی ماڵیی بەرەڵاکراودا گرت.

لەمبارەیەوە کارۆخ شەریف، لێپرسراوی باخچەکانی شارەوانیی ڕانیە ڕایگەیاند: "بەداخەوە لەناو شاری ڕانیە تا ئێستا دیاردەی بەرەڵاکردنی ئاژەڵی ماڵی بەدی دەکرێت، وێڕای زیانگەیاندن بە ھاووڵاتییان و ناشرینکردنی سیمای شار، زیانی زۆریشی بەر گوڵ و نەمام و باخچەکان گەیاندووە".

گوتیشی: "چەندین جار خاوەنی ئەو ئاژەڵانەمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئاژەڵەکان بەرەڵا نەکەن و بیانبەن بۆ دەرەوەی شار، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست بەدەم داواکارییەکەمانەوە نەھاتوون".

لێپرسراوی باخچەکانی شارەوانیی ڕانیە باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە 26/5/2019 لە ھەڵمەتێکدا توانیویانە دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو ئاژەڵانە بگرن، پاشان لە شوێنێک کۆیان دەکەنەوە و بابەتەکەش دەدەنە دادگا، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدات.












باسنیوز
Top