ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ڕاگرتنی ھێڵەکانی ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 26/5/2019، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕوونکردنەوەیەکی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "وەکوو ساڵانی ڕابردوو بە ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتیەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گزی".
باس لەوەش کراوە، ڕاگرتنی ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەی 12ی ئامادەیی لە شەشی بەیانی تاکوو ھەشت و نیوی بەیانی دەبێت، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەپێی خشتەی تاقیکردنەوەکان کە لە 26/5/2019 تا 16/6/2019 دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا 7 رۆژ تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن، کۆی ماوەی ڕاگرتنی کاتەکانی ئینتەرنێت دەگاتە 17 سەعات و 30 دەقیقە.
باسنيوز
