ئایشێ مەحموود: منداڵە ونبووەكانمان بدۆزنەوە چیتر لەم چاوەڕوانییەدا مەمانهێڵنەوە

 ئایشێ مەحموود: منداڵە ونبووەكانمان بدۆزنەوە چیتر لەم چاوەڕوانییەدا مەمانهێڵنەوە
لە پارێزگای هەڵەبجە، لەلایەن كەسوكاری منداڵە ونبووەكان و ڕێكخراو و چالاكوانانی بواری كۆمەڵگای مەدەنی، لە مۆنۆمێنتی شەهیدان گردبوونەوەیەك ساز درا و داوای پەلەكردنیان لە دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكان كرد.

ئایشێ مەحموود، كە لە ڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا پێنج منداڵی لێ ون بوون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە ساڵانێكی زۆرە چاوەڕوانی دۆزینەوەی منداڵەكانمانین، داوا لە لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەین، هەماهەنگی بكەن و چارەنووسی منداڵەكانمان دیاری بكرێت و لەم چاوەڕوانییەدا نەمانهێڵنەوە".

هەموو ساڵێك 25-5، لە سەرتاسەری دنیادا بە ڕۆژی جیهانیی ونبووان ناسراوە، كە بەو بۆنەیەوە چەندین چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن و داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ونبووان دەكرێت.

ڕۆژی 16-3-1988 حكوومەتی ئەوکاتی عێراق، شاری هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، كە تا ئێستاش 77 هاووڵاتیی هەڵەبجە بێسەروشوێنن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لای خۆیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەردەوام لە هەوڵداین چارەنووسی تەواوی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە دیاری بكەین، بەڵام چەندین كۆسپیش لە بەردەمماندا هەن، بۆیە داوا لە لایەنی پێوەندیدار دەكەین كارئاسانی زیاتر بكات، بۆ ئەوەی باشتر بتوانین كارەكانی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكان بەرەو پێشەوە بەرین".

كەسوكاری منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە، چالاكوانان و ڕێكخراوەكان، ئەمڕۆ چەندین داواكارییان لە یاداشتێكدا بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز كردەوە، كە داوا دەكەن پەلە بكرێت لە دیاریكردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە.
kdp-
Top