"ھەرکەسێک پڕوپاگەندە لەسەر ئەزموونەکان بڵاو بکاتەوە دادگایی دەکرێت"
ھەردی مەعرووف، بەڕێوەبەری ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئەزموونەکان کراوە، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە (٢٦-٥-٢٠١٩) بەڕێوە بچن و ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆدا ھەیە بە مەبەستی پاراستنی ھۆڵی ئەزموونەکان و دابەشکردنی پرسیار بەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا."
دەربارەی دزینی پرسیاری ١٢ی ئامادەیی، بەڕێوەبەری ئەزموونەکان گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک پرسیار بەر لە بەڕێوەچوونی ئەزموونەکان ئاشکرا ناکرێن و ئەوانەیشی پڕۆپاگەندەی وەھا بڵاو دەکەنەوە تەنیا مەبەستی بازرگانییان ھەیە بۆ ئەوەی بازاڕی خۆیانی پێ گەرم بکەن."
ھەردی مەعرووف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نووسراوێکمان ئاراستەی دادگای ھەولێر کردووە سەبارەت بەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا تۆمەت بۆ وەزارەتی پەروەردە هەڵدەبەستن و، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەزموونەکاندا چاودێریی میدیا و سۆشیالمیدیا دەکەین، ھەرکەسێک بەبێ ھەبوونی بەڵگەی یاسایی بڵێ فلانەپرسیار ئاشکرا بوو، یان کڕین و فرۆشتن بە پرسیارەکانەوە دەکرێن، یەکسەر دەدرێتە دادگا بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی یاساییی لەگەڵدا بکرێت."
kdp-
