بێرکۆتی لەبارەی پابەندنەبوونی یەکێتییەکان بە ڕێککەوتنەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ هۆشداری دەدات

بێرکۆتی لەبارەی پابەندنەبوونی یەکێتییەکان بە ڕێککەوتنەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ هۆشداری دەدات
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی ئەگەری پابەندنەبوونی گرووپێکی نێو حزبەکەی بە لێکتێگەیشتنەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی دەدات.

ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕايگەیاند، لێکتێگەیشتنەکەی نێوان بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ جۆرێک لە پابەندبوونی بۆ هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی هەیە، هەروەک پێویستە پابەندیش بن بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆیە ”هەر کەسێک لە هەردوولا پابەند نەبێت بە بڕیارەکانی هەردوو سەرکردە، ئەوە جۆرێکە لە پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی سەرووی خۆی. هەموو لایەکیشمان لەوە تێگەیشتووین کە بەرژەوەندیی باڵای ھەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی ڕێگای ڕاست بۆ بابەتی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ ئەم ڕووداوانەی لە ساڵانی ڕابردوو دروست بووە، بە ڕێگایەکی دروست چارەسەر دەکرێت“.

بێرکۆتی دووپاتی کردەوە کە هەر کەسێک بە ڕێککەوتنەکانەوە پابەند نەبێت، ئەوا ”کاریگەریی نەرێنی لەسەر موسداقیەتی حزب و کەسەکانیش دەبێت و زیانیش بەو پرۆسەیە دەگەیەنێت کە ئەمڕۆ لە هەرێمدا هەیە”.

لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: ”کەرکووک تا خانەقین و خورماتوو لە دۆخێکی خراپ دان، پێویستە سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەم کێشە و گرفتانەی ھەن، گفتوگۆ بکەن“.

هەر لەبارەی ڕێککەوتنی سەرۆک بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ڕێباز بێرکۆتی گوتی: ”ھەموو دەنگۆیەک ڕەت دەکەینەوە کە باسی ئەم ڕێککەوتنە بکات و بە شێوازێک لێی بڕوانێت کە بڵێت جێی متمانە نین، ئێمە بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە لێرە و لەوێ دڵەڕاوکێ دەخەنە دڵی خەڵکەوە، ئەم ڕێککەوتنەی لە نێوان جەنابی کاک کۆسرەت و کاک مەسعوددا کراوە، ڕێککەوتنێکە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای کوردستان بۆ سەقامگیربوونی ھەرێم و چارەسەربوونی ئەم گرفتانەی ھاتووەتە پێشەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی یەکێتی لەلایەن کۆسرەت ڕەسووڵەوە ئەنجام درابێت یان بدرێت، ”پێوەی پابەندین و ئەوەی پێوەی پابەند نەبێ، ئەوا نامولتەزیمە و کاریگەریی سلبی لەسەر خودی کەسەکە و جەماعەتەکەی دەبێ“.

رێباز بێرکۆتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت ڕەسووڵ ”سەرپشک کراوە بۆ ئەوەی لەبارەی کێشەی کەرکووک دەستکراوە بێت“، بۆیە ”ئێستا ئەم دوو دڵی و دڵەڕاوکێیە چییە دەیخەنە نێو گەلی ستەمدیدەی کەرکووک بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی“.











باسنيوز
Top