ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید باجی هەڵگەڕانەوە لە نەتەوەکەیان دەدەن
دوێنێ چوارشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩، ئاڵا تاڵەبانی، ژنە پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، میلیشیاکانی عێراقی لە بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەسەر دەکردەوە، لە بەرامبەر شێرکۆ میروەیس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حزبەکەی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، شکستی هێنا.
لەمبارەیەشەوە ناسر هەرکی، ئەندامی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: ”پێشوەختە لە نێوان هەندێک لە لیستەکاندا ڕێککەوتن هەبوو، هەر کەسێک ناوی خۆفرۆشی لەسەر بێت، بێگومان پێگە و ڕێزی کەم دەبێتەوە و خەڵکیش بڕوای پێی کەم دەبێت و هەر کەسێک بۆ خۆی ماڵ نەبێت، خەڵکی دیکەش متمانەی پێ نابێت، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ برای خۆی بفرۆشێت، چۆن خەڵکی دیکە نافرۆشێت؟".
یەکێکی دیکە لەوانەی هاوشێوەی ئاڵا تاڵەبانی لە دژی مافەکانی هەرێمی کوردستان دەجووڵایەوە، سروە عەبدولواحید، ژنە پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان و خوشکی شاسوار عەبدولواحید بوو کە ئێستا بە تەسکیەی براکەی، تەنیا پێگەیەک کە بۆی مابێتەوە، پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەی (نەوەی نوێ)یە کە حزبێکی بچووکی تازە دامەزراوە و سەرۆکەکەی لەسەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕووتی پەرلەمانتارانی هەمان حزب، لە زیندان دایە.
یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەکانی ئێستای ناو نەوەی نوێ، ئەوەیە کە سروە عەبدولواحید پاش ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی باڵا، لەلایەن براکەیەوە بە تەسکیە کراوەتە ئەندامی ئەنجومەنەکە، ئێستاش ململانێ بۆ مانەوە لەسەر کورسیی ئەو ئەنجومەنە دەکات کە نیوەی ئەندامەکانی هەڵوێستیان وەرگرتووە و لەگەڵ سەرۆکی حزبەکە بوونەتە دوو بەرە.
پێشتر لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس کەمال چۆمانی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردبووەوە: ”نەوەی نوێ لە سەرەتاوە حزبی شاسوار عەبدولواحید بووە و خۆی لە سلێمانی تەواوی حزبەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام لە بەغدا، بەهۆی هەبوونی رابوون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدینەوە، نەیتوانیوە تەواوی حزبەکە کۆنترۆڵ بکات، ئێستا کە خوشکی خۆی کردووەتە بەرپرسی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدا و کۆنترۆڵی تەواوی کارەکانی کردووە، ئامانجیەتی لە داهاتوودا بچێتە ناو کۆمەڵێک گەمەی سیاسی، لە ڕێی سروەی خوشکییەوە کە زیاتر دابەشکاریی پشک و بزنس و پۆست دەبێت لە بەغدا“.
باسنيوز
