ئەنجومەنی قەزای خانەقین داوای گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات
تادێت كردەوە تیرۆریستییەكانی سنووری قەزای خانەقین و هەڕەشە و فشارەكان بۆ سەر هاووڵاتیانی كوردی سنووری قەزاكە زیاتر دەبێت و ژمارەیەك لە چالاكوان و ڕۆشنبیرانی شارەكەش ڕای دەگەیەنن پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر 60 تەقینەوە لە سنوورەكە ڕوویان داوە و بەهۆیانەوە 78 هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، ئەنجومەنی قەزای خانەقینیش لە دوایین كۆبوونەوەی خۆیدا لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەی كردووە داوا دەكات بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان، جارێكیتر هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێندرێنەوە بۆ سنوورەكە.
ژمارەیەك لە چالاكوان و ڕۆشنبیرانی شاری خانەقین لە یاداشتێكدا، ڕایان گەیاندووە "پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وە 60 تەقینەوەی جۆراوجۆر لە سنووری قەزی خانەقین ڕوویان داوە و بە هۆیانەوە 78 هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون".
بەپێی یاداشتەكە "سەرجەم پێكهاتەكانی خانەقین لە دوای ساڵی 2003 وە لە دۆخێكی ئارام و سەقامگیردا بوون تا ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، بەڵام دوای ئەو ڕووداوانە لە دۆخێكی خراپ و ئاڵۆزدا دەژین و ئارامی لە شارەكە بەدی ناكرێت، بەهۆی بەردەوامیی كردەوە تیرۆریستییەكانەوە هەموو ڕۆژێك ڕووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێكی جدی لەلایەنە پەیوەندیدارەكانەوە هەبێت".
لە یاداشتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە "پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر كۆچی بەكۆمەڵ لە گوندەكان دەستی پێكردووە و بەشێك لە گوندەكان چۆڵ بوون، هەروەها لە سەرەتای وەرزی دروێنەكردنەوە كێڵگەی كشتوكاڵی بەشێك لە جووتیارانی كورد سووتێنراوە".
لەلایەكیترەوە ئەنجومەنی قەزای خانەقین لە دانیشتنی ژمارە 485 ی خۆیدا لە 20/5/2019 لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەی كردووە داوا دەكات هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێندرێنەوە بۆ شارەكە و دۆسیەی ئەمنی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و هێزە عێراقییەكان بەڕێوەبەرن، بۆئەوەی پارێزگاری لە ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بكەن.
سەمیر محەمەد نوور، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "كوشتنی هاووڵاتیان و سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد لە سنووری خانەقین، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەنێو هاووڵاتیاندا دروست كردووە، بەو هۆیەشەوە پاش 16ی ئۆكتۆبەر بەسەدان خێزانی كورد لەناو شاری خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری شوێنەكانی خۆیان بەجێ هێشتووە".
گوتیشی "ئەنجومەنی قەزای خانەقین لە دوایین دانیشتنی خۆیدا لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەی كردووە داوای كردووە جارێكیتر هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێندرێنەوە بۆ خانەقین و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و هێزە عێراقییەكاندا دۆسیەی ئەمنی بگرنەوە دەست بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتیان لە ترس و دڵەڕاوكێ ڕزگار بكەن".
ڕوونیشی كردەوە: "هەروەها داوامان كردووە دامەزراندن لە سلكی پۆلیسی خۆجێی شارەكە بكرێتەوە، چونكە ژمارەی كارمەندانیان كەمە و توانای بەدەمەوەچوونی هەموو كێشە و گرفتەكانیان نییە".
جەختیشی كردەوە "ئەو هێزانەی دۆسیەی ئەمنی خانەقینیان لە ئەستۆیە وەكوو پێویست ناتوانن كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەڵگەش ئەو كردەوە تیرۆریستییانەن كە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ڕوویان داوە و ئەوەش بەهۆی بەرفراوانیی سنووری قەزاكەیە".
شاری خانەقین /155 كیلۆمەتر باكوری خۆرهەڵاتی بەعقوبە/ یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە پاش پرۆسەی ناسراو بە "ئازادیی عێراق" زۆرینەی دامودەزگاكانی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، دۆسیەی ئەمنی شارەكە كەوتە دەست هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و لەو كاتەوە تاكوو ئێستا ڕۆژدوای ڕۆژ ژمارەی كردەوە تیرۆریستییەكان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی كوردی سنوورەكە لە زیادبووندایە.
ئەنجومەنی قەزای خانەقین بەپێی بڕیاری ژمارە 131 لە ڕۆژی 21/8/2006 بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە كورد و عەرەب و توركمان بڕیاریان دا خانەقین بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
باسنیوز
