لیوا بابەکر: ئەو شوێنانە لە ناوچە کوردستانییەکان دیاری کراون کە پێشمەرگە تێیدا جێگیر دەکرێت
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆبوونەوەی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لەبارەی چەند پرسێکەوە بەردەوامە، بەتایبەتی لەسەر جووڵەی چەکدارانی داعش زانیاریگۆڕینەوە و ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزی بەرگریی عێراقدا ھەیە."
پەیوەست بە ھەوڵەکانی ھەرێم و بەغدا بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم، بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دانوستان لە نێوانماندا ھەیە، بەڵام ھەندێک لەسەرەخۆ بەڕێوە دەچن و بەڕاستی نەگەییشتووەتە ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ."
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد دەشڵێت: "ڕەوشی حکوومەتی عێراق لەبەر تەواونەکردنی کابینەی حکوومەت و دواکەوتنی کابینەی نوێی حکوومەتی خۆیشمان کاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەوەی تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بدرێت، کار لەسەر ئەو پرسە دەکرێت و شوێنەکان دیاری کراون کە بۆ داھاتوو پێشمەرگە بگەڕێتەوە و لەوێ جێگیر بکرێت."
KDP-
