حەلبوسی بۆ نێوەندگیریی ئێران و ئەمریکا سەردانی تاران دەکات
هەروەک ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، حەلبوسی بە نوێنەرایەتیی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ”بەم نزیکانە و لە دوو رۆژی داهاتوودا“ سەردانی تاران دەکات.
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو ئەرکە، سەرچاوەکە رایگەیاندووە، حەلبوسی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح (میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) هەیە، کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.
پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، کە عادل عەبدولمەهدی بڕیاری ناردنی دوو شاندی بۆ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران داوە و ئەو شاندانە پێشنیازی عێراق بۆ راگرتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دەگەیەننە کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە.
چەند هەفتەیەکە بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆز بووە و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلێکی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.
توندبوونی بارودۆخەکە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران دروست بوو و ئەمریکا چەندین سزای دارایی و ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
