بەرپرسێکی پارتی: لە دەوروبەری ١٠ی مانگی داهاتوو سەرۆکی هەرێم دەست بەکار دەبێ
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "پێم وایە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا کە ھەفتەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت، بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە نزیکەی ١٠\٦\٢٠١٩ و بە دڵنیاییەوە ھەر لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ڕادەسپێرێت".
ئەوەشی بە دوور نەزانی کە لە دەوروبەری ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩، کارەکانی پێکهێنانی حکوومەت تەواو ببن و سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا دەتوانێت کابینەکەی پێک بهێنێت، بەڵام ”ئەمە دەمێنێتەوە سەر لایەنەکان کە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستەکانیان یەکلا بکەنەوە، چونکە جگە لەوە، ھیچی دیکە نەماوە".
بڵند ئیسماعیل ئاشکرای کرد: "یەکلاکردنەوەی پۆستەکان بۆ زۆر پارتی ئاسان دەبێت و ڕەنگە ئێستاش یەکلای کردبێتەوە، بەڵام بۆ لایەنەکانی دیکە ڕەنگە قورس بێت".
پێشتر محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاندبوو: "پیکھێنانی حکوومەت دەکەوێتە دوای جەژن، بۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانمان پەلەمان نییە“. بەڵام بڵند ئیسماعیل پێی وایە، بۆ یەکێتی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان ئاسان نییە و کاتی پێویستە، ھۆکارەکەشی بۆ زۆریی باڵەکانی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە. گوتیشی: ”هەندێک جار بابەتەکان بە کەرکووک و پارێزگاری کەرکووکەوە دەبەستنەوە، تا پۆستێکی زیاتریان پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی باڵیان زۆرە و ھەمووشیان پۆستیان دەوێت و ئەوەی بەریان کەوتووە، بەشی ھەموو باڵەکان ناکات".
باسنيوز
