"لە دھۆک مۆڵەتی ٢٦ پڕۆژەی وەبەرھێنان ھەڵوەشێندراونەتەوە"
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدوواوە مۆڵەت بە دەیان پڕۆژەی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای دھۆک دراوە کە پڕۆژەکان بەسەر کەرتەکانی گەشتیاری و نیشتەجێبوون و فێرکردن و پیشەسازیدا دابەش بوونە، لە سەرەتاوە تا ساڵی ٢٠١٢ خواستێکی زۆر لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ھەبوو، بەڵام دواتر بەھۆی ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە وەبەرھێنان پاشەکشەی کرد."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک دەشڵێت: "ئێمە مۆڵەتمان بە ٢٤٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان داوە کە بەداخەوە مۆڵەتی ٢٦ پڕۆژە بە ھۆکاری جیاواز ھەڵوەشێندراونەتەوە و یەک پڕۆژەی وەبەرھێنان تا ئێستا تاپۆ کراوە، بەڵام ٧٢ پڕۆژە بە یەکجاری تەواو کراون و کێشەیان تێدا نەماوە، ئێستا لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆکین، لەبەر ئەوەی تا ئێستا کارکردن لە ١٧٠ پڕۆژەدا بەردەوامە و تەواو نەکراون."
کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساڵی ڕابردوو بەھۆی باشبوونی ڕەوشی ئابوورییەوە مۆڵەت بە ١٣ پڕۆژە دراوە بۆ جێبەجێکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە ھەوڵداین ئەوانەی کێشەیان تێدا ماوە چارەسەر بکرێن و دیسان بکەونەوە کارکردن تا کۆتایی بە پڕۆژە ڕاگیراوەکان بێنین."
kdp-
