ئاڵا تاڵەبانی لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستێک شکستی هێنا

ئاڵا تاڵەبانی لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستێک شکستی هێنا
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، ئاڵا تاڵەبانی پێشتر خۆی بە عەرەب ناساندووە و کەسێک برای خۆی بفرۆشێت، سبەی خەڵکێکی دیکە چۆن متمانەی پێ دەکات، بۆیە لە هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا.

ناسر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "لایەنە کوردییەکان بە پارتیشەوە هەموو دەنگمان بە شێرکۆ میروەیس دا، کە پاڵێوراوی یەکێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، هەر ئەویش هەڵبژێردرا".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "پێشتر ئاڵا تاڵەبانی لەدژی کورد خۆی بە عەرەب ناساند، ئەو کۆبوونەوانەی پەرلەمانیش کە لەدژی بەرژەوەندییەکانی میللەتی کورد بووە تەنیا ئەو لە هۆڵەکەدا ماوەتەوە، بۆیە بێشک هەر کەسێک بۆ میللەتی خۆ نەتوانێ شتێک بکات، باوەڕ ناکەم کەسێکی دیکە ئومێدی پێی هەبێت".

ڕوونیشی کردەوە: "پێشوەختە لە نێوان هەندێک لە لیستەکاندا ڕێککەوتن هەبووە، هەر کەسێک ناوی خۆفرۆشی لەسەر بێت، بێگومان پێگە و ڕێزی کەم دەبێتەوە و خەڵکیش بڕوای پێی کەم دەبێت و هەر کەسێک بۆ خۆی ماڵ نەبێت، خەڵکی دیکەش متمانەی پێ نابێت، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ برای خۆی بفرۆشێت، چۆن خەڵکی دیکە نافرۆشێت".











باسنيوز
Top