پەرلەمانتارێکی گۆڕان: زەوییەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری بەبێ تەندەر بە کەسێکی تاڵەبانی دراوە
ڕزگار محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئەوەی لە گەرمیان ڕوودەدات، کارەساتە نەک خزمەتکردن، ئێمە ئاگاداری چەندین شتین کە دەکرێن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەو دۆخە بەرپرسە، ئەوەی فەرمان بە ئەوان دەکات، قوباد تاڵەبانییە، ھەر کاتێک ئێمە دەچین و قسە لەسەر بابەتەکان دەکەین، پێمان دەڵێن ئێمە بڕیاری قوباد تاڵەبانیمان بۆ ھاتووە و لایەنی جێبەجێکارین، واتە قوباد تاڵەبانی لە پشتی ئەم کارانەیە و ھەر ئەوە ئیدارەی ئەم زۆنە دەکات“.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان کە خۆی خەڵکی کەلارە، ڕوونتر باسی لە کەموکوڕییەکانی دەڤەرەکە کرد و گوتی: “زەوییەکی سێ ھەزار و ٤٠٠ مەتری لە ناوجەرگەی کەلار کە سەنتەری شارە و قوتابخانەی لەیلا قاسمی تێدایە، بە بێ تەندەر و دوور لە چاوی میدیا، دراوە بە کەسێکی تاڵەبانی، زەوییەکە نرخەکەی ٢٠ میلۆن دۆلارە، لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو زەوییە، کەسە تاڵەبانییەکە گوایە گوتوویەتی قوتابخانەیەک و بەرزە پردێک دروست دەکەم، بەڵام ئەو دوو پرۆژەیە کۆی گشتیی تێچووەکەی ٥ ملیۆن دۆلار تێناپەڕێنێت، ئەی ١٥ ملیۆن دۆلارەکەی دیکە چی لێ دێت و بۆ کوێ دەچێت؟“.
رزگار محەمەد جەختی کردەوە کە داوایان لە ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا کردووە، رێگری لەم کارە بکەن، “ئەگینا ئێمە هێزی مرۆیی بۆ ڕێگەگرتنی بەکار دێنین، چونکە ئەوە مافی خەڵکە و نابێ بەھەدەر بدرێت”. گوتیشی: “لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە گەرمیانین، بەدواداچوون لەسەر بابەتەکە دەکەین، سەردانی سەرۆکی شارەوانیی کەلارمان کرد، بەڵام بێ ئاگایی خۆی ڕاگەیاند، ھەرچی بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیانیشە بووەتە پارێزەری حزب و کۆمپانیاکانی یەکێتی و خۆم قسەم لەگەڵ کرد، کەچی دەڵێت نووسراوی قوباد تاڵەبانیم بۆ ھاتووە و لایەنی جێبەجێکارم“.
باسنيوز
