لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵێک لە خانەقین زانیاریی نوێ دەخرێتە ڕوو

لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵێک لە خانەقین زانیاریی نوێ دەخرێتە ڕوو
دوێنێ سێشەممە 21/5/2019، لە گوندێکی سنووری شاری خانەقین، تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین زانیاریی نوێ لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵەکە ڕادەگەیەنێت.

عەمید دیار شەوکەت، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی ھێزەکانی پۆلیسی خانەقین لە گوندێکی نزیکی شارەکە تەرمی منداڵێکیان دۆزبیەوە، ئێستا تەرمی منداڵەکە لە پزیشکی دادوەری دانراوە و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی دەکرێت".

گوتیشی: "منداڵەکە ناوی (لانە محەمەد)ە، لە ھەولێرەوە لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ ماڵی باپیری ھاتووە، بەڵام بەھۆکاری کە دایک و باوکی منداڵەکە خاوەن پێداویستیی تایبەتن و بەشێکی تەرمی منداڵەکەش ئاژەڵ خواردوویەتی، جارێ نازانین ھۆکاری مردنەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا کوژراوە یان ون بووە و ئاژەڵ خواردوویەتی".

بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییەکان، "ڕەنگە گیانلەدەستدانی منداڵەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە کوژرانەوە نەبێت، چونکە منداڵەکە بچووکە و قسەی نەزانیوە، ھەروەھا ئەو منداڵە دەمێکە دیار نەماوە و ئاژەڵ بەشێکی زۆری جەستەی خواردووە، بەڵام تیمەکانی پزیشکی دادوەری سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ھۆکاری ڕووداوەکە".











باسنيوز
Top