بۆ ڕێککەوتن پێشمەرگە نامەیەک دەنێرێتە بەغدا

بۆ ڕێککەوتن پێشمەرگە نامەیەک دەنێرێتە بەغدا
لە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر جموجوڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بووە و ھێزە عێراقییەکان دانیان بەوەدا ناوە ناتوانن ناوچەکە بە تەنیا بپارێزن بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبووە و نەگەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

دوای جموجۆڵی فراوانی داعش لە کەرکووک و مەخموور، وەزارەتی پێشمەرگە نامەیەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە، بۆ تاوەکوو بە مەبەستی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر گفتوگۆکانی پێشوویان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، کۆ ببنەوە.

بەپێ زانیارییەکان نامەکە گەیشتووەتە بەغدا و چاوەڕێی وەڵامی حکوومەتی عێراق دەکرێت.

لەمبارەیەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو نامەکە نێردراوە و یەکێک لە مەبەستەکانی ئەوە بووە کە دژی جموجۆڵی داعش کار بکرێت، هەروەها ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکرێت.

پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنگاوی باشی بڕیوە و ئەو خاڵانەش دیاری کراون کە پێشمەرگە و سوپای عێراق تێیدا جێگیر دەبن.

بۆ ئەم مەبەستەش، زیاتر لە ٥ لێژنە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق پێکھێنراوە و ھەر لێژنەیەک بە کارێکەوە سەرقاڵە.

دوای گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، لێژنەیەکی باڵا لە ھەردوولا ئیمزای ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.













باسنيوز
Top