لە سلێمانی ئامێرەکانی گزی بەشێوەی نھێنی دەفرۆشرێن
ھەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی قۆناغی دوانزەھەم، ھەواڵی دزەکردنی پرسیارەکان بڵاو دەبێتەوە، زۆرجار مامۆستایانی ھۆڵەکانی خوێندن ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتی دەبنەوە، بەڵام ئێستا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکانی پەیوەندی، شێوازەکانی دیاردەی گزی ئاسانتر بووە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینیستاگرامەوە ڕێکلام بۆ ئامێرێکی گزی دەکرێت، کە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بەکار دەھێنرێت، ئێستاش ئەو ئامێرە لە لایەن چەند کەسێکەوە لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی بەشێوازی نھێنی دەفرۆشرێت، زۆرجاریش ئامێرەکە بەکرێ دەدرێت.
ئەو ئامێرەی کە بۆ گزی بەکار دەھێنرێت، پێکھاتووە لە ھێدفۆنێکی بچووکی بلوتووس، لەگەڵ ئامێرێکی پەیوەندی کە سیمکارتی ھێڵەکانی پەیوەندی تێ دەکرێت و بەشێوازی ئۆتۆماتیکی وەڵام دەدرێتەوە، ھێدفۆنەکە دەکرێتە گوێچکەی قوتابییەکە و نابینرێت، دواتر لە ڕێگەی موگناتیسەوە لەنێو گوێچکەی دەردەھێنرێت، ئێستاش نرخی ئەو ئامێرە بڕی 300 دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە.
لەمبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی، ڕایگەیاند: "ھێزەکانی پۆلیس دوو تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە زیاتر لە 300 پارچە ئامێری گزییان پێ بووە، ویستوویانە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاری یبھێنن و لە رێگەیەوە گزی پێ ئەنجام بدەن".
ئاماژەی بەوەش دا، ئامێرەکان زۆر بچووک بوون و ھاوشێوەی قۆپچە بە کراسەوە دووراون، ژمارەیەک ئامێریشیان بە 200 بۆ 250 دۆلار فرۆشتووە، دەشڵێت: "فرۆشتن و بەکارھێنانی ئامێرەکانی گزی کارێکی نایاساییە و ھەر کەسێک دەستگیر بکەین، ڕووبەڕوی سزای یاسایی دەکەینەوە".
ھەر لەمبارەیەوە دڵشاد عومەر، بەڕێوبەری گشتسی پەروەردەی سلێمانی ڕايگەیاند: "میکانیزمی نوێ دەگرینە بەر بۆ بەگژداچوونەوەی دیاردەی گزی، ھەروەھا لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ھێڵەکانی ئینتەرنێت ھەماھەنگی دەکەین بۆ ئەوەی لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکاندا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ھێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بووەستێنن، بۆ ئەوەی ھیچ قوتابییەک بواری گزی نەبێت".
بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە، بە توندی بەگژ دیاردەی گزی دەچینەوە و ھەر قوتابییەک گزی بکات، لە خوێندن دوور دەخرێتەوە و ھەموو تاقیکردنەوەکاندا بێ بەش دەبێت".
باسنيوز
