نێچیرڤان بارزانی پێنج خاڵی سەرەکی بۆ بەرنامەی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشنیار کردووە

	 نێچیرڤان بارزانی پێنج خاڵی سەرەکی بۆ بەرنامەی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشنیار کردووە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێنج خاڵی سەرەکی دەربارەی کار و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق پێشنیار دەکات و، داوا دەکات بنکەی سەرەکیی بەرنامەی مرۆییی یوئێن لە بەغداوە بگوازرێتەوە بۆ ھەولێر.



ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەموو ساڵێک بە پرۆژەبڕیارێک وادەی کاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق درێژ دەکاتەوە و ئەرک و کارە لەپێشینەکانی دیاری دەکات. لە ساڵانی ڕابردوودا بەھۆی ناڕەزاییی بەغداوە، بابەتی کەرکووک و ماددەی ١٤٠ نەکراوەتە ئەولەویەتی یۆنامی لە عێراق.



نامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێش سێ ھەفتە بووە کە لە دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆژەبڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەی کاری یۆنامی لە عێراق بۆ یەک ساڵی دیکە بەدەستیان گەیشتووە. ئەو نامەیە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق خەریکی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.



یەکەمین داواکاریی بارزانی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێش دەربارەی کەرکووک و ناوچە ناکۆکیلەسەرەکانە. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە نامەکەدا دەڵێت: نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی یوئێن لە عێراق دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت، وەکو ناوبژیوان و دەستپێکردنی "دایەلۆگێکی چڕ" لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانەش: "جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق."



ساڵی ڕابردوو لە نامەیەکی ھاوشێوەدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کردبوو لە پرۆژەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشدا فراوانکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی تێدا بێت و یۆنامی ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی ھەبێت. سەرەڕای پشتگیریی ئەمەریکا بۆ ئەو داواکارییە، بەڵام بەریتانیا کە بەرپرسیاری سەرەکیی فایلی عێراقە لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو داواکارییەی ھەولێری پشتگوێ خست.



بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، ڕەشنووسی پڕۆژەبڕیاری ئەمساڵیش دەربارەی یۆنامی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژی ٣١ی ئایار دەنگی لەسەر بدرێت، ئەو خاڵەی تێدا نییە. تاوەکو ئێستاش وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە وەڵامی فەرمیی نامەکەی نێچیرڤان بارزانییان نەداوەتەوە.



پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ڕەوشی مرۆیی لە کوردستان

لە خاڵێکی دیکەی نامەکەدا، بارزانی داوای بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان دەکات، کە لانیکەم بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر دابنرێت کە لە ئاستی جێگری نێردەی سکرتێری گشتی بێت. ھەروەھا داوا دەکات کەسێک وەکو بەرپرسی کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری بکرێت، چونکە ئەو پۆستە لە ساڵی ٢٠١٥ـوە بە بەتاڵی ماوەتەوە. داواش دەکات بنکەی سەرەکیی بەرنامەی مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداوە بگوازرێتەوە بۆ ھەولێر، چونکە "٩٠%ی ئاوارەکانی سووریا لە عێراق و ٦٠%ی ھەموو ئاوارەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستانن."



ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ئامارانەی نێو نامەکەی بارزانی پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتە مرۆیییەکانیاندا دەربارەی عێراق کەم جار ئاماری تایبەت دەربارەی ھەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. نوێنەرایەتیی عێراقیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھیچ کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێ ناکات. لە کاتێکدا، ئەو ئاماژەپێکردنە گرنگە بۆ شێوازی دابەشکردنی کۆمەکی نێودەوڵەتی لە عێراق. بودجەی "پلانی مرۆیی"ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ ٧٠١ ملیۆن دۆلارە کە بۆ یارمەتیدانی ١.٧ ملیۆن ئاوارە، یان تازە گەڕاوەیە. لە سەرەتای شەڕی داعشەوە ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی عێراقی لەخۆ گرتووە و ھێشتا بەگوێرەی دواڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٨٠٠ ھەزاریان لە کوردستان ماون.



"ددانپێدانان"ی یوئێن بە فیدراڵیزمی ھەرێمی کوردستاندا



لە خاڵێکی دیکەدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات "فیدراڵیزمی ھەرێمی کوردستان" لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێ بکرێت و ددانی پێدا بنرێت.
kdp-
Top