نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا کۆبوونەوە
لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، کار و چالاکییەکانی کونسوڵخانەی ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە ھەموو ڕوویەکەوە، ھەوەرھا پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و باشتربوونیان، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگەی دیالۆگ و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە،‌ خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 19/5/2019 لە ھەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ستیڤ ڤاگن، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پوختەیەکی دەربارەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم پێشکەش کرد.

تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە، دۆخی ئێستای مووسڵ و دەوروبەری و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ھەروەھا ھەنگاوەکانی قۆناغی دوای داعش لە بنبڕکردنی بیری توندڕەوی و ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەیان بە ھەماھەنگیی نێوان بەغدا و ھەولێر و ھاوپەیمانان، لەگەڵ زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.










باسنيوز
Top