شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان سەردانی پارێزگای سەماوە دەکات

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان سەردانی پارێزگای سەماوە دەکات
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، چوار گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای سەماوە دۆزرانەوە، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی زیاتری ئەنفالکراوەکان سەردانی پارێزگاکەیان کرد.

نەبیل کامیل، بەڕێوەبەری چاودێریی پارێزگاری موسەننا لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بە کەناڵی (کوردستان24)ی راگەیاند: "باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی پارێزگای مووسەنا دەبێت بگیرێنە بەر".

راشی گەیاند: "پەیوەندیی بەردەوامان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت، پرۆسەی گەڕانیش بەرداوەمە و هەندێک زانیاریی پشتڕاستنەکراوەکەمان هەیە".

ئاماژەی بەوەش دا، تاکوو ئێستا سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری موسەننا بوونیان هەیە و نەدۆزراونەتەوە.

بەختیار فەرەج، سەرپەرشتیاری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ەهرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "ئێمە ئەمڕۆ تەنها بۆ بینینی شوێنەکان هاتووین و دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان دەست بە پشکنین و هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەکەین".

ئاماژەی بەوەش دا، پارێزگای موسەننا لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و میکانیزمی دۆزینەوە و هەڵدانەوەیان چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوتووە.

لە دوای دیدارەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم و پارێزگای موسەننا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێنەری هەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارێزگای موسەننا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دۆزینەوەی تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بۆ ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکات.










باسنيوز
Top