هۆکاری درەنگ گەڕانەوەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ئاشکرا دەکرێت

هۆکاری درەنگ گەڕانەوەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ئاشکرا دەکرێت
ماوەی دوو مانگە دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێڕاق دوادەکەوێت و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێریش هۆکاری ئەم کێشەیە دەخاتە ڕوو.

عەمید دیدار، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمی (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاندووە: "لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەفتانە 1000 بۆ 1500 پاسپۆرت دەردەهێندرێت، نزیکەی 10 هەزار مامەڵە لە هاووڵاتییانیش وەردەگرین، تا ئێستاش 20 هەزار پاسپۆرتمان لە چاپە و نەگەڕاوەتەوە".

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر، لەبارەی هۆکاری درەنگ گەڕانەوەی پاسپۆرت گوتی: "پێشتر ئەو کارگەی کاغەزەکانی چاپ دەکرد لە ئەڵمانیا بوو بەخێرایی دەهاتەوە، بەڵام ئێستا گرێبەستیان تەواو بووە و بەغدا خۆی کارگەکەی کڕیوەتەوە ئەوەش وایکردووە دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دوابکەوێت".

هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر بەشی vip (خدمة السريعة) هەیە کە بە بڕی 250 هەزار دینار بەڕۆژێک مامەڵەکەت بۆ تەواو دەکەن، بەڵام ئەو بەرپرسەی پاسپۆرت ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەو کێشەیەی بەغدا و کۆمپانیاکە مامەڵەی vipیش تا 3 ڕۆژ دوادەکەوێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر، هەفتانە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاپخانەکەی عێڕاق نزیکەی 30 هەزار پاسپۆرت چاپ دەکات.










باسنيوز
Top