لە دوای شەڕی داعشەوە ناسنامە بۆ ١٨٠ هەزار كەس لە شنگال دەرھێندراوە

 لە دوای شەڕی داعشەوە ناسنامە بۆ ١٨٠ هەزار كەس لە شنگال دەرھێندراوە
قایمقامی شنگال رایگەیاند، لە دوای شەڕی داعشەوە، ١٨٠ هەزار كەس لە دانیشتووانی سنووری شارۆچكەكە ناسنامەیان بۆ دەرھێندراوە، بەڵام خەڵكانێك لە سووریا و وڵاتی دیكەوە دێنە شنگال و دەیانەوێت ناسنامە دەربھێنن، كە ئەمەش هەرگیز قبووڵ ناكرێت.

مەحما خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای شەڕی داعشەوە، خەڵكێكی زۆری كوردی ئێزدی بێ ناسنامە بوون، ئێمەش لەو كاتەوە دەستمان كردووە بە دەرھێنانی ناسنامە بۆ خەڵكی شنگال و چەندین تیمیشمان داناون، كە گەڕۆكن و دەچنە كەمپەكان و كاروبارەكان بەڕێ دەكەن، بەڵام كەسانێك كە خەڵكی شنگال نین، دەیانەوێت لە سووریاوە بێن و بە ناوی شنگالەوە ناسنامە دەربێنن، كە ئەمەش هەرگیز جێی قبووڵكردن نییە".

خەلیل دەشڵێ، تا ئێستا ١٨٠ هەزار كەس ناسنامەیان بۆ دەرھێندراوە و رەتیشی كردەوە رێگری بكرێت لەوەی ٤٥ھەزار كەسی دیكە ناسنامەیان بۆ دەربھێندرێت، چونكە ئەمە راست نییە و وەك خۆی گوتی: "ئێمە لە رێگەی یاساییەوە بەردەوامین لە پێدانی ناسنامە بەوانەی ونیان كردووە".
kdp-
Top